ئیدارەی راگەیاندنی وزەی ئەمەریكا رای دەگەیەنێت، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریكا لە هەفتەی رابردوودا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە.
ئیدارەی وزەی ئەمەریكا خشتەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كردووە، هەفتەی رابردوو هاوردەكردنی نەوتی خاو بۆ ئەمەریكا، بە تێكڕا پێنج ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بووە، ئەمەش بە بەراورد بە هەفتەی پێشتر، 661 هەزار بەرمیل زیادی كردووە.
دەشڵێت، هەناردەكردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریكا بە تێكڕا 235 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بووە كە بەراورد بە هەفتەی رابردوو، 150 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا زیادی كردووە.
ئەوەش هاتووە، یەكەمین هەناردەكاری نەوت بۆ ئەمەریكا لە هەفتەی رابردوودا كەنەدا بووە، بە تێكڕای سێ ملیۆن و 825 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، لە دوای ئەویش مەكسیك دێت، بە تێكڕای 588 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، نەیجیریا بە تێكڕای 464 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا و سعوودیە بە تێكڕای 327 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.