نرخی ئاژەڵ بۆ قوربانی بشێت ئەمساڵ جێگیرە و هیچ بەرزبوونەوەیەكی تۆمار نەكردووە، ئاژەڵفرۆشانیش دەڵێن كڕیارێكی باش هەیە.
ئەمڕۆ دووشەم دووی حوزەیران، سەعید مەلاكەریم لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، نرخی ئاژەڵ لە مەیدانەكان وەك خۆیەتی و هیچ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی بەسەر نەهاتووە، رەنگە 100 دینارێك گران ببێت، بەڵام ئەوە ئاساییە لەبەرئەوەی خواست هەیە.
باسی لەوەش كرد، نرخی ئاژەڵی قوربانی وەك خۆیەتی پ َویست ناكات هاووڵاتی بە گران بیكڕێت، هەروەها خواست زۆرە و كڕیاریش زۆرە.
بەپێی ئەو نرخەی بۆ خەڵكی خستە ڕوو بەم شێوەیەیە:
بەرخی ساڵ كیلۆی 7800 تا 8100
بەرخی قورس كیلۆی 7500 تا 7900
كاوڕە نێر 6750 تا 7400
كاوڕە مێ كیلۆی 6600 تا 7200
جوانەگا كیلۆی 7700 تا 7100
گیسكە نێر كیلۆی 6400 تا 6600
مەڕ كیلۆی 5100 تا 5600
بزن كیلۆی 5100 تا 5600
مانگای گۆشت كیلۆی 4200 تا 4500 دینارە.
پێشتر هەڵمەت هەمزە بەڕێوەبەری كوشتارگەی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، بۆ رۆژانی جەژن هاووڵاتییان ئەگەر دەیانەوێ گۆشتێكی سەلامەت و تەندروست بكەن بە قوربانی و بیدەن بە هاووڵاتییان و خزم و كەسیان، لە رۆژی شەموودا ناونووسین بۆ قوربانی دەست پێ دەكات.
زیاتر گوتی، كوشتارگەكە رۆژانی ئاسایی هەشت سەعات كاری تێدا دەكرێت، كە دەتوانێ 200 سەر ئاژەڵی گەورە و هەزار و 200 سەر ئاژەڵی بچووك سەر ببڕێت و پارچەیان بكات و بیداتەوە هاووڵاتییان.
باسی لەوەش كرد، لە رۆژانی جەژنی قورباندا سەعاتی كاركردن دەكرێتە 12 سەعات، دەتوانین لە رۆژێكدا هەزار و 800 ئاژەڵی بچووك و 300 ئاژەڵی گەورە سەرببڕین.
روونیی كردەوە، هاووڵاتی دەتوانێ سەردانمان بكات و ئەو سەعات و رۆژە دیاری بكات دەیەوێ قوربانیی تێدا بكات، ئێمەش هاوكار دەبین و گۆشتێكی پاك و تەندروستی پێ دەدەینەوە.
ساڵانە لە جەژنی قوربان مسوڵمانان قوربانی دەكەن، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، ماوەی دوو ساڵە قوربانی لە كوچە و كۆڵانەكان قەدەغە دەكرێت.