دەست كرا بە دابەشكردنی مینحەی مانگی ئایاری رزگاربووانی ئێزیدی لە دەستی داعش، كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ زیاتر لە سێ هەزار و 500 كەسی رزگاربوو دابینی كردووە.
لە دوێنێوە دەست بە دابەشكردنی مینحەكە كراوە و سەرەتاش لە هۆڵی كۆمەڵگەی شاریا لە پارێزگای دهۆك دەستی پێ كردووە.
مەحما خەلیل پەرلەمانتاری ئێزیدی لە بەغدا بڵاوی كردەوە، ئەم مینحەیە جۆرێك پاڵپشتیی حكوومەتی هەرێمە بۆ ئەم رزگاربووانە و بەتەنیا پاڵپشتیی دارایی نییە، بەڵكو پاڵپشتییەكی تەواوە بۆ ئەو رزگاربووانە كە بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن و لایەنی ئابووری خۆشیان پەرە پێ بدەن.
بڕیاری پێدانی ئەم مینحەیە بۆ مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 دەگەڕێتەوە كە نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سێ هەزار و 574 كەسی رزگاربووی ئێزیدی دەستنیشان كرد كە مانگانە بڕە پایەكیان پێ بدات.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێم مانگانە پشتیوانیی دارایی بۆ رزگاربووانی دەستی داعش دابین دەكات، تا ئێستە لەو پاڵپشتییە سەتان كەسی رزگاربوو سوودمەند بوون.
ئەم پڕۆژەیەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان، سەرجەم رزگاربووان دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی، بەتایبەتی ئەوانەی ئێستە لە دەرەوەی وڵات دەژین.
سەعید جەردۆ بە "وشە"ی رای گەیاند، مینحەكەی سەرۆك وەزیران لە هەر چوار لقی بنكەی لالش، شێخان، شاریا، خانكێ و دێرەبوونێ، تەنانەت ئەو ڕزگاربووانەی چوونەتە دەرەوەی وڵاتیش، دەتوانن لە ڕێگەی بریكارەكانیانەوە مینحەكە وەربگرن."
بەگوتەی سەعید جەردۆ لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەدا، بە فەرمانی سەرۆك وەزیران هەموو ئەو قوتابییە ئێزیدییانەی بە هۆی ڕفاندنیان لەلایەن داعشەوە لە خوێندن بێبەش ببوون، گەڕاونەتەوە بەر خوێندن و ئێستە لە قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان درێژە بە خوێندنەكەیان دەدەن. وەزارەتی پەروەردەش هەموو ئاسانكارییەكی بۆ كردوون.