هۆشیار زێباری: دەستدرێژیكارانی سەر مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان سزا دەدرێن

:: AM:08:39:04/06/2025 ‌
بەرپرسێكی پێشووی حكوومەتی عێراق لەبارەی راگرتنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هۆشداریی دەدات و دەشڵێت: "بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە كاتێكی زۆر خراپدا بوو".
 
هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هەژمارەی ئێكسی خۆیدا نووسیویەتی،  "بڕیاری حكوومەتەكەی سوودانی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە راگرتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لە كاتێكی زۆر خراپدایە و بۆ سزادانی بەكۆمەڵ و برسیكردنی بەكۆمەڵی هاونیشتمانیانی هەرێمە، ئەوەش لە رێگەی پەنابردن بۆ بیانووی دارایی و كارگێڕی. ئەو هەنگاوە بە ئاسانی و بێ سزا تێناپەڕێت و لێكەوتەی دەبێ".

 قسەكانی زێباری لە كاتێكدایە حكوومەتی عێراق بە بڕیاری هاوپەیمانی شیعەكان، مووچەی هەشت مانگی ئەمساڵی هەرێمی كوردستانیان راگرت، ئەمەش دەنگدانەوەیەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

هۆشیار زێباری دەشڵێت: "مێژووی سیاسیی ئێمە ئەوە پێشان دەدات كە دەستدرێژیكار سزا دەدرێت".

 هاوكات سكرتێری حزبی شیوعیی عێراقی دەڵێت: پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان یەكسانە بە پێشكەوتنی هەموو عێراق، هەموو دەبێت بگەنە ئەو بڕوایەی جێبەجێكردنی فیدراڵیی بەشێوەیەكی ڕاستەقینە، هەوێنی چارەسەركردنی كێشەكانە.

لەبارەی ئەو كێشەیەی حكوومەتی عێراق بە بڕیاری لایەنە شیعییەكان دروستی كردووە، ڕائید فەهمی سكرتێری حزبی شیوعیی عێراقی ڕای گەیاند: هەست دەكرێت هاووڵاتییان و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بوونەتە بارمتەی كێشە سیاسییەكان، پێویستە جیاوازییەكی تەواو بكرێت لە نێوان كێشە سیاسییەكان و قووتی هاووڵاتییان.

سكرتێری حزبی شیوعیی عێراقی گوتی: دەبێت وا بیر بكەیەنەوە پێشكەوتنی كوردستان، پێشكەوتنی هەموو عێراقە، بەڵام ئێستە دیارە بەرپرسانی بەغدا چاویان بەو پێشكەوتنانەی كوردستان هەڵنایەت.




وشە - سۆران عەزیز