پڕۆژەی گەشتیاری و بازرگانی بەناو فامیلی فان لە گەرمیان دروست دەكرێت

:: AM:10:29:11/06/2025 ‌
وەبەرهێنانی گەرمیان بڵاوی كردەوە، بە بڕی یەك ملیۆن دۆلار مۆڵەتی وەبەرهێنانیان بەخشیوە بە پڕۆژەیەكی گەشتیاری و بازرگانی بەناو فامیلی فان.

وەبەرهێنانی گەرمیان دەشڵێت، پڕۆژەكە لەسەر رووبەری هەشت دۆنم و حەوت ئۆلك دروست دەكرێت لەسەر پارچە زەویی ژمارە یەك كەرتی 116ـەی بەرلووت، ماوەی تەواوبوونی پڕۆژەكەش چوار ساڵە.

ئاماژە بەوەش كراوە، بەمەبەستی بەرەوپێشچوونی كەرتی وەبەرهێنان لە گەرمیان و گەشەكردنی ژێرخانی ئابووری ناوچەكە، مۆڵەت بەو پڕۆژەیە دراوە.

بەگوێرەی ئامارێكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، لە هەر چوار ئیدارە سەربەخۆكە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی وەبەرهێنان، ئیدارەی گەرمیان لە پێش ئیدارەكانی ترەوەیە بە تەرخانكردنی سەرمایەی 715 ملیۆن دۆلار.

لە ماوەی كاركردنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چوار ناوچەی هەرێمی كوردستان زۆرترین پڕۆژەی وەبەرهێنانیان تێدا جێبەجێ كراوە ئەوانیش: گەرمیان، ڕاپەڕین، سۆران، زاخۆ، لەگەڵ ئەوەدا كاریگەرییان لەسەر بووژانەوەی ناوچەكە و ڕەخساندنی دەرفەتی كاركردن هەبووە. 

پڕۆژەكانی وەبەرهێنان كە لە كابینەی نۆیەمدا مۆڵەتیان پێ دراوە بەم شێوەیەیە: 

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان: 30 پڕۆژە، سەرمایەكەی زیاتر لە 715 ملیۆن دۆلارە.

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: نۆ پڕۆژە، سەرمایەكەی زیاتر لە 94  ملیۆن دۆلارە.

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: 27  پڕۆژە، سەرمایەكەی زیاتر لە 136 ملیۆن دۆلارە.

ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین: 16 پڕۆژە، سەرمایەكەی زیاتر لە 40  ملیۆن دۆلارە.




وشە - سۆران عەزیز