12ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك بە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی كارپێكردنی منداڵان دیاری كراوە.
رۆژەكە لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دیاری كراوە و ئامانج لێی رێگریكردنە لە كاركردنی منداڵان.
رۆژە نێودەوڵەتییەكە هاوكاتە لەگەڵ پەسندكردنی رێككەوتننامەی قەدەغەكردن و رێكاری دەستبەجێ بۆ نەهێشتنی كارپێكردنی منداڵان.
لە ساڵی 2002ەوە ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كار، سەرنجی لەسەر بڵاوبوونەوەی كاری منداڵان لە سەرانسەری دنیا و هەوڵە پێویستەكان بۆ نەهێشتنی كاری منداڵان بووە، هەموو ساڵێك لە 12ی حوزەیران، حكوومەتەكان، خاوەنكارەكان، كرێكاران و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ملیۆنان كەس لە سەرانسەری دنیا كۆ دەكاتەوە، بۆ ئەوەی تیشك بخەنە سەر دۆخی نالەباری منداڵانی كاركەر و چۆنیەتیی هاوكاریكردنیان.
لە دوایین ڕاپۆرتی یونیسێف بۆ ئەمساڵ، ڕێكخراوەكە باس لەوە دەكات كە لە ساڵی 2024دا 138 ملیۆن منداڵ لە سەرانسەری دنیادا كاریان كردووە، نزیكەی 40%یان سەرقاڵی كاری مەترسیدار بوون.
جیلبێرت ئێف هۆنگبۆ بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كار ڕای گەیاند، شوێنی گونجاو بۆ منداڵان لە قوتابخانەكاندایە نەك بازاڕی كار، پێویستە دایكان و باوكانیان پاڵپشتی بكرێن و دەسەڵاتیان پێ بدرێت بۆ بەدەستهێنانی كارێكی شایستە، بۆ ئەوەی بتوانن تێچووی پێویست بۆ دڵنیابوون لە ئامادەبوونی منداڵەكانیان لە قوتابخانەدا دابین بكەن، نەك فرۆشتنی كەلوپەل لە بازاڕەكان یان كاركردن لە كێڵگەی خێزانەكەیان بۆ ئەوەی هاوكاریی بژێوی خێزانەكانیان بكەن".
هەرچی لەبارەی منداڵانی عێراقەوە، داتای نوێ و دروست لە بەردەستدا نییە، دوایین داتای فەرمی كە لەسەر بنەمای ڕاپرسییەك كراوە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2018 و ئاماژە بەوە دەكات زیاتر لە یەك ملیۆن منداڵ كار دەكەن.
بەگوێرەی ئامارەكان، عێراق لە ڕیزبەندی 55یەمین لە كۆی 97 وڵات لە پێوەرەكانی كاری منداڵاندایە، هەروەها لە پلەی چوارەمی دنیای عەرەبیدا دێت لە دوای سوودان و فەلەستین و میسر.