بەدوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر چەندین پێگەی سەربازی و ئەتۆمی لە ئێران، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بازدانێکی گەورەی بەخۆوە بینی و لە سەرەتادا زیاتر لە 12% بەرزبووەوە.
هۆکاری ئەم هەڵکشانە دەگەڕێتەوە بۆ ترسی بازاڕەکان لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری پەککەوتنی هەناردەی نەوت لە ناوچەکە.
نرخی گرێبەستەکانی نەوتی خاوی برێنت گەیشتە سەرووی 77 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، پێش ئەوەی کەمێک دابەزێت. بەپێی نوێترین ئامارەکان، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 75 دۆلار بەرزبووەوە (بە ڕێژەی 8.2%)، لە کاتێکدا نەوتی خاوی ئەمەریکاش بە ڕێژەی 8.5% بەرزبووەوە و گەیشتە 73.8 دۆلار.
سۆڵ کاڤۆنیک، گەورە شرۆڤەكاری وزە لە دامەزراوەی "ئێم ئێس تی مارکی" ڕای گەیاند: "هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، مەترسییەکانی لە بازاڕدا زیاد کردووە."
کاڤۆنیک پێشبینی دەکات کە پەرەسەندنی زیاتری ململانێکان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەناردەکردنی نەوت دەبێت. ئاماژەی بەوەشکرد کە لە خراپترین سیناریۆدا، تاران دەتوانێت هەناردەکردنی نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە پەکبخات، جا لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزە بێت یان سنووردارکردنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز.