وەزارەتی بازرگانی: هێنانی پێداویستییەكان و كاڵاكان بەردەوامە و رێگە بەگرانبوونیان نادەین

:: AM:08:59:14/06/2025 ‌
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، یەدەگی خۆراكی پێویست لە هەرێمی كوردستان هەیە، هێنانی خۆراك و پێداویستییەكان و كاڵاكان بەردەوامە.

بەهۆی هێرشی ئیسرائیل و وەڵامی ئێران و ئەو شەڕەی لە دوێنێ هەینییەوە دەستی پێ كردووە، جووڵەی بازرگانی لە ناوچەكەدا كێشەی تێكەوتووە، بەم هۆیەوە هاووڵاتییان مەترسیی نەمانی كاڵا و پێویستییەكانیان لا دروست بووە.

لەمبارەیەوە نەوزاد شێخ كامیل، بە "وشە"ی راگەیاند، "ئەو خۆراكانەی لە كۆگەكاندا بوونیان هەیە، لەلایەن كەرتی تایبەت هاوردە كراون و بەردەوامیش هاوردە هەیە و هیچ كێشەیەك سەری هەڵنەداوە.

ئەوەشی گوت، هەموو ئەو كاڵایانەی رۆژانە دێن، لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە سەرژمێری كراون و دەكرێن، بۆیە هیچ گرفتێك لە بوونی خۆراك و پێداویستییەكان نییە و یەدەگی خۆراكمان وەك پێش دەستپێكی شەڕی ئەو دووڵاتە وایە و گرفتێك رووی نەداوە.

باسی لەوەش كرد، جووڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەكان لەگەڵ ئێران رانەگیراوە و بارهەڵگری خۆراك و پێداویستییەكان و كاڵاكانی تر بەردەوامە، لە توركیاش وەك خۆی رۆژانە هاتوچۆی بازرگانی هەیە، بۆیە پێویستییەكانی ناوخۆمان گۆڕانیی بەسەردا نەهاتووە.

لەبارەی گرانبوونی كاڵاكانەوە نەوزاد شێخ كامیل گوتیشی، دابەزینی بەهای دینار بیانوو نییە بۆ گرانكردنی كاڵاو پێداویستییەكان، چونكە ئەو خۆراك و كاڵایانەی لە هەرێمی كوردستان لە كۆگەكاندایە، لە دوو بۆ سێ مانگی رابردوو هاوردە كراون و نابێت نرخی كاڵاكان زیاد بكرێت.

هەرێمی كوردستان بەهۆی هاوسنووریی لەگەڵ ئێران و بوونی چەندان دەروازە، رۆژانە پێویستییەكانی بازاڕ لە ئێرانەوە پڕ دەكرێنەوە، بەهۆی شەڕی ئێستەی ئێران  و گۆڕانی نرخی دراو، مەترسیی گرانبوونی كاڵا لە بازاڕەكان هەیە، لەمبارەیەوە حكوومەتی هەرێم چاودێریی توندی خستووەتە سەر بازاڕ تا كاڵاكان نرخیان بەرز نەبێتەوە.



وشە - سۆران عەزیز