وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاشكرای كرد، بەهۆی خراپیی هەڵگرتنیەوە، نزیكەی 50 هەزار تۆن گەنمیان تێكچووە و بۆ بەكارهێنان كەڵكیان نەماوە.
لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاشكرای كرد، 49 هەزار تۆن گەنمە كۆگەكراوە تێكچووە، گەنمەكەش لەو ناوچانە بووە كە لە ساڵی 2018 لە دەستی داعش رزگار كرابوون.
وەزارەتی بازرگانی خۆی لەو تێكچوونە بێبەری دەكات و دەڵێت: لە بارودۆخێكی نەگونجاودا گەنمەكە هەڵگیراوە، بەهۆی كەشوهەوای باران و شێدارییەوە، لە ماوەی كۆنترۆڵكردنی داعش ئەوە رووی داوە، ئەمەش بووەتە هۆی تەواوی تێكچوونەكە و وەزارەت بەرپرسیار نەبووە لە هەڵگرتنی لەو ماوەیەدا.
دووپاتیش لەسەر ئەوە دەكەنەوە، هەموو ئەو رێوشوێنانەی لەبارەی ئەو مادانە گیراونەتەبەر، بەگوێرەی رێكارە یاسایی و رێكخراوە دامەزراوەكان و دڵنیابوون لە پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان و پاراستنی سامانی گشتی ئەنجام دراون.