لەگەڵ دەسپێكی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، مەترسیی سەرهەڵدانی قەیرانی خۆراك لە عێراق لەناو خەڵكدا سەری هەڵدا، بەڵام بەهۆی گۆڕانی شەڕەكان بۆ شەڕی تەكنەلۆجی، چیتر هیچ قەیرانێكی خۆراك بەهۆی شەڕەوە روو نادات و بەڕێوەبەری خۆراكی سلێمانیش رای گەیاند، شەڕ هیچ كاریگەرییەكی لەسەر بەشەخۆراكی مانگانە نابێت.
كامەران فەتاح بەڕێوەبەری خۆراكی سلێمانی رای گەیاند، لە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانە بەردەوامین، هەرچەندە بەراورد بە مانگی رابردوو بۆ ئەم مانگە تەنیا رۆنی زەیت كەمی كردووە، بەڵام ئێستە بڕێك رۆنیش گەیشتووەتە دەستمان و چاوەڕێ دەكەین زیاترمان پێ بگات و دابەشی بكەین.
گوتیشی، شەڕی ئێران و ئیسرائیل هیچ كاریگەرییەكی لەسەر دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانە نییە، لەبەرئەوەی هیچ مادەیەكی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان لە ئێرانەوە نایەت.
باسی لەوەش كرد، ئێستە "برنج، شەكر، دۆشاو، نیسك و نۆك" دابەش دەكرێت و هیچ كێشەیەك لە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانەدا نییە.