ئه‌مڕۆ له یه‌كه‌م رۆژی هه‌فته‌بازاڕی بۆرسه‌دا چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه له بازاڕه‌كانی زێڕ و دراو و نه‌وت هه‌بوو، له ژێر كاریگه‌ریی جه‌نگ، نرخه‌كانیان گۆڕانكارییه‌كی زۆر به‌سه‌ردا بێت، به‌ڵام بازاڕه‌كان تا ئاستێك جێگیرن و گۆڕانكارییه‌كان سنووردارن.
نرخی هه‌ر ئۆنسێك زێڕ رۆژی هه‌ینی له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران، به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینی و له سێ هه‌زار و 380 دۆلار بۆ هه‌ر ئۆنسێك گه‌یشته سێ هه‌زار و 435 دۆلار. ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ كرانه‌وه‌ی بازاڕ، زێڕ نزیكه‌ی 15 دۆلاری تر گران بوو، به‌ڵام دواتر پاشه‌كشه‌ی كرد و ئێسته هه‌ر ئۆنسێك زێڕ به سێ هه‌زار و 413 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت.
هاوكات نرخی نه‌وتیش له رۆژی هه‌ینیدا به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌ڵكشابوو، هه‌ر به‌رمیلێك له نه‌وتی برێنت گه‌یشته نزیكه‌ی 78 دۆلار، له كۆتایی هه‌فته‌بازاڕه‌كه به 74 دۆلار و 56 سه‌نت داخرابوو.
ئه‌مڕۆ نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی دنیا نه‌ك به‌رز نه‌بووه‌ته‌وه، بگره كه‌مێكیش دابه‌زیوه و نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له نه‌وتی برێنت، به 73 دۆلار و 80 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت.
ئه‌وه‌ی ترسی سه‌ره‌كی بووه له بازاڕی نه‌وت، پێوه‌سته به گه‌رووی هورمز كه نزیكه‌ی 20%ی نه‌وتی دنیا دابین ده‌كات و ئێران پێشتر هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی گه‌رووه‌كه‌ی كردبوو، به‌ڵام وا دیاره ئه‌و هه‌ڕه‌شانه ره‌ویونه‌ته‌وه.
له‌لایه‌كی تره‌وه نرخی تمه‌نی ئێرانیش كه له ژێر كاریگه‌ریی جه‌نگ، له رۆژانی رابردوودا زیاتر له 12% به‌های خۆی له ده‌ست دابوو، ئه‌مڕۆ نرخه‌كه‌ی جێگیره و نه‌ك زیاتر دانه‌به‌زیوه، بگره له چاو دوێنێ به‌هاكه‌ی كه‌مێك به‌رزتر مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت.
نرخی هه‌ر دۆلارێك دوێنێ له بازاڕه‌كانی تاران گه‌یشته 95 هه‌زار تمه‌ن بۆ هه‌ر دۆلارێك، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به 93 هه‌زار و 600 تمه‌ن مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت. پێویسته بگوترێ نرخی تمه‌ن له بازاڕه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئێران زۆر هه‌رزانتره و هه‌ر دۆلارێك گه‌یشتووه‌ته 120 هه‌زار تمه‌ن.