حكوومەتی كوردستان لە رێگەی كەرتی تایبەت گەنمی جووتیاران وەردەگرێت

:: PM:02:46:16/06/2025 ‌
سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان رای گەیاند، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە رێگەی كەرتی تایبەت گەنمی جووتیاران وەردەگرن، ئەوەی حكوومەتی عێراق لێیانی وەرناگرن .

ئەمڕۆ دووشەم 16ی حوزەیران، د. محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو گەنمەی حكوومەتی عێراق لە جووتیارانی ھەرێمی كوردستان وەرناگرێت و دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی گەنمی جووتیاران بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە و ساغ بێتەوە، لە رێگەی كەرتی تایبەت  حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گەنمەكە لە جووتیاران وەردەگرێت، ئەمەیش وەك هاوكارییەك بۆ جووتیارانی ھەرێمی كوردستان، چونكە ساڵانە عێراق ھەموو گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان وەرناگرێت .

د. محەمەد شوكری زیاتر گوتی، ئەو گەنمەی زیادە دەبێت و عێراق وەریناگرێت، لە پڕۆژەی كەرتی تایبەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، بەپێی ھەندێك مەرج و ئەو نرخانەی لە ھەرێمی كوردستان ھەیە، گەنم لە جووتیاران وەردەگرن.

دووپاتی لەوە كردەوە كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، پلانی ھەیە و گەنمی زیادە لە جووتیاران وەردەگرن كە ھەردوو كۆمپانیای قەیوان و خۆشناو گەنمەكە وەردەگرن .

ئەمساڵ حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە تەنیا 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی ھەرێمی كوردستان وەربگرێت، ئەمەش رێژەیەكی كەمە و بەرھەمی ھەرێم زۆر لەوە زیاترە، بۆیە ساڵانە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ دۆزینەوەی بازاڕ، لە رێگەی كەرتی تایبەت گەنمی جووتیاران وەردەگرێت و ئەمساڵیش بەھەمانشێوەی ساڵی ڕابردوو گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت .

وشە/ بڵند ئیبراھیم  



وشە - سه‌رخێڵ هاشم