بڕیارە بەمزووانە كۆمەڵێك سەرمایەدار و كۆمپانیای فڕەنسی، بۆ وەبەرهێنان ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، دەستەی وەبەرهێنانیش دەڵێت: كوالێتیی كاری كۆمپانیای فڕەنسا زۆر بەرزە.
بەرگەشت ئاكرەیی گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" گوتی، بڕیارە بەمزووانە سەرمایەداران و كۆمپانیا گەورەكانی فڕەنسا بێنە كوردستان، ئێمەش وەك حكوومەتی هەرێم هەموو ئامادەكاری و كارئاسانییەكیان بۆ دەكەین.
گوتەبێژەكەی دەستەی وەبەرهێنان ئەوەشی گوت، لە فڕەنسا لەگەڵیان دانیشتووین و رێككەوتنیكی سەرەتاییمان واژوو كردووە كە بێن لە كوردستان لە چەندان بوار وەبەرهێنان بكەن.
بەرگەشت گوتی، كۆمپانیاكانی فڕەنسی لە دنیادا بەناوبانگن و براندی گەورەیان هەیە و كوالێتیی كاریان لە دنیادا ناوبەنگ و پێگەی هەیە، بۆیە ئارەزوو دەكەین بێن لە كوردستان كار بكەن.
دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت: فڕەنسییەكان پێشتر لە هەرێم هەندێك كاریان كردووە و كارەكانیان نایاب بوون، ئێستە بڕیار وایە بێن لە بواری وزە و كشتوكاڵ و چەندان بواری تر پڕۆژەی گەورە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەن.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان كارئاسانی بۆ وەبەرهێنەر و كۆمپانیا بیانییەكان دەكات تا كار و پڕۆژەكانیان بهێننە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان، لەم چوارچێوەیەدا سەرمایەدارە بیانییەكان ڕوو لە ناوچەكە دەكەن و سەرمایەكانیان لە كەرتە جیاوازەكانی وەبەرهێنان دەخەنە گەڕ.
ئێستە نزیكەی 15 كۆمپانیای فڕەنسی لە سێكتەرە جیاوازەكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، بڕیارە بەمزووانە لە چەندان بواری تر كاری گەورە ئەنجام بدەن.