د. عەزیز ئەحمەد: بەغدا لەبارەی مووچەی خەڵكی كوردستان عەقڵی لە دەست داوە

:: AM:11:13:23/06/2025 ‌
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند: بەغدا لە پاساوهێنانەوە بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، "عەقڵی لە دەست داوە."

د. عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی (ئێكس) بڵاوی كردەوە، بەغدا عەقڵی لە دەست داوە لە پاساوهێنانەوە بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

لە بەشێكی نووسینەكەیدا جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە كردووە كە بەغدا لە مانگی ڕابردوودا، بانگەشەی ئەوەی كرد كە هەرێمی كوردستان پشكی خۆی وەرگرتووە، بەڵام لەم مانگەدا پشت بەو بڕیارانە دەبەستێ كە لە دادگای فیدراڵییەوە دەركراون، سەرەڕای دەست لەكاركێشانەوەی ئەندامانی دادگاكە.

دەشڵێ: لەلایەكی ترەوە باسی ئەوە دەكەن، كێشەی تەكنیكی هەیە، یان گومان دەخاتە سەر شەرعیبوون  و یاساییبوونی گرێبەستە نەوتییەكان.

د. عەزیز ئەوەشی گوتووە، ئەوەی بەغدا دەیكات سەرلێشێواوییە و هیچ بەڵگەیەكی روونی نییە لەبارەی ئەو شتانەی بەرانبەر حكوومەتی هەرێم باسیان دەكات، هەموو ئەوەی دەیكات بیانووە و سزادانی خەڵكی كوردستانە و ئامانجەكەشی رێگرییە لە گەشەسەندنی هەرێم.



وشە - سۆران عەزیز