لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، لە ناو توركیا ترسی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەلایەن هاووڵاتییان دروست بووە، وەزیری دارایی ئەو وڵاتەش دڵنیایی دەدات و دەشڵێت، "تكایە لەبارەی ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز و زیانەكانی بۆ سەر ئابووری وڵاتەكەمان، باوەڕ بە هەموو سیناریۆیەك مەكەن".
ئەمڕۆ دووشەم 23ی حوزەیران، ماڵپەڕی سی ئێن ئێن بڵاوی كردەوە، وەزارەتی بەرگریی ئێران ڕای گەیاندووە، "هاتوچۆی كەشتییە ئەوروپییەكان بە گەرووی هورمز قەدەغە كراوە"، ئەمەش مەترسیی زیانی زۆری ئابووری بۆ وڵاتان بەتایبەت توركیا دروست كردووە.
لەبارەی زیادبوونی بارگرژییەكانی ئێران و ئەمەریكا، وەزیری دارایی توركیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نووسیویەتی، "ئێستە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ شیكردنەوەی زیانەكانی گرژییە جیۆپۆلەتیكییەكان بۆ سەر ئابووری وڵاتەكەمان، بەوردی چاودێری و هەڵسەنگاندن بۆ ئەگەری روودانی هەر سیناریۆیەك دەكەین."
شمشەك سەرنجی خستووەتە سەر ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز و دەڵێت، "دامەزراوەكانمان بە رژدی ئامادەن بۆ ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەقامگیریی بازاڕەكان، بۆ ئەوەی بتوانین كارەكانی ئابووری بە شێوەیەكی تەندروست بەڕێوە ببەین."
وەزیری دارایی دڵنیایی دەدات و دەشڵێت، "تكایە لەبارەی ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز و زیانەكانی بۆ سەر ئابووری وڵاتەكەمان باوەڕ بە هەموو سیناریۆیەك مەكەن".