لە بەسرە و نەینەوا و دیالە و واست بەهۆی كێشەی نەختینەوە نەتوانرا مووچە دابەش بكرێت

:: AM:09:38:29/06/2025 ‌
چەندان مانگە شارەزایان هۆشداریی دەدەن كە عێراق تووشی قەیرانی دارایی بەهۆی كەمبوونەوەی پارەی نەختینەوە دەبێت، وا دیارە ئێستە سەرەتاكانی قەیرانەكە دەركەوتووە و ئەم مانگە وەزارەتی دارایی، مووچەی چەندان توێژی پێ نەدراوە و ئەمەش ناڕەزایی زۆری دروست كردووە.

لە بەسرە و نەینەوا و دیالە و واست، مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە مووچەیان دواكەوتووە، ئەمە جگە بۆ هەفتەیەكە مووچەی حەشدیش دوا كەوتووە.

وەزارەتی دارایی عێراق ئەگەرچی بەردەوام دووپات لەوە دەكاتەوە پابەندن بە دانی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، بەڵام ئەم مانگە بەهۆی كەمبوونەوەی نەختینەوە نەتوانرا پارەی چەندان توێژ لە كاتی خۆیدا بدرێت.

تەیف سامی لە نووسراوێكدا بۆ بانكەكان ئەوەی خستووەتەڕوو، بێسەروبەرییەكی زۆر لە سیستمی بانكی هەیە و ئەوەش وایكردووە، نەتوانرێت لە كاتی خۆیدا مووچەی فەرمانەبەران دابەش بكرێت.

بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل و مانگی عاشوورا و گەرمای تاقەتپرووكێنی شارەكانەوە، خەڵكی عێراق حەماس گرتوونی و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان داد و بێدادیانە بەدەست چەندان كێشەوە.

بێ كارەبایی و بێ ئاوی لە زۆر شوێن كێشەیەكی ترە كە عێراقییەكان بەدەستیەوە دەناڵێنن، ئەم مانگە درەنگكەوتنی مووچەشی هاتەسەر، ئەمە بۆ فەرمانبەرانی عێراق دۆخێكی نوێ بوو، چونكە یەكەمجار بوو دوای ساڵی 2003وە مووچەی فەرمانبەران  كێشەی تێبكەوێت.

ئەمە لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان بەهۆی بیانووەكانی بەغداوە، دوو مانگە تەواوی فەرمانبەرانی مووچەیان وەرنەگرتووە و خەڵك چاوەڕێیە ئەم هەفتەیە بەغدا دوو مووچە بنێرێت، بەڵام كێشەی نەختینە مەترسی لەسەر ناردنی مووچە زیاتر دەكات.



وشە - سۆران عەزیز