بڕیار لە چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم هەناردەكردنی كاڵا لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ پارێزگاكانی تری عێراق دەدرێت. ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی دەستەی گومرگی عێراق، لە زووترین كاتدا سێ نووسینگەی گومرگی دەكرێنەوە .
د. بڕیار ڕەشید ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، بەمەبەستی گەیاندنی داواكانیان، لە ماوەی ڕابردوودا هاووڵاتی و بازرگانێكی زۆر سەردانیان كردوون و پێوەندیان پێوە كردوون، لەسەر داواكاری ئەوان بانگهێشتی سەرۆكی دەستی گومرگی عێراقیان كرد.
ئاماژەی بەوەش كرد، بۆ هەناردەكردنی كاڵا لە هەرێمەوە بۆ پارێزگاكانی تری عێراق، بڕیارە لە زووترین كاتدا سێ نووسینگەی گومرگی لە بازگەكانی چیمەن، سەدە و دارەمان بۆ ڕۆشتنی كاڵاكانی هەرێمی كوردستان بۆ پارێزگاكانی تری عێراق بكرێتەوە.
د. بڕیار ڕەشید باسی لەوەش كرد، لە هەمان كاتدا داوایان كرد كە پێداچوونەوە بكرێت بەو بڕیارەی ئەنجوومەنی ئابووری و چەند مانگێك دەرفەت بدرێت بۆ تێپەڕبوونی ئەو كاڵایانەی كە پێشتر داوا كراون، چونكە بڕیای ئەنجوومەنی ئابووری كتوپڕ بووە و بەشێكی زۆری بازرگانان ئاگادار نەبوون.