گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان رای گەیاند، لە 15 ئەم مانگەوە و بۆ ماوەی مانگێك، دوو كۆمپانیا دەست بە كڕینی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەكەن. دەشڵێت ئەو گەنمە ئەوان دەیكڕن، حكوومەتی عێراق وەریناگرێت.
بەرگەشت ئاكرێی لە لێدوانێكی بۆ "وشە" رای گەیاند، لە 15 ئەم مانگەوە بۆ ماوەی مانگێك، دوو كۆمپانیا دەست بە كڕینی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەكەن.
ئەوەشی گوت، هەر تۆنێك گەنمی پلە یەك بە 550 هەزار دینار و تۆنێك گەنمی پلە دوو بە 525 هەزار دینار لە جووتیاران دەكڕنەوە، شایستە داراییەكانیشیان لە رۆژی رادەستكردنی گەنمەكەوە بۆ ماوەی دوو مانگ وەردەگرن.
بەگوتەی گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆمپانیای قەیوان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین گەنم لە جووتیاران دەكڕێت، لە سنووری هەولێر و دهۆكیش كۆمپانیای خۆشناو دەیكڕێت.
باسی لەوەش كرد، پێویستە لە ماوەی مانگێكدا جووتیاران گەنمەكەیان بدەن بە كۆمپانیاكان، چونكە دوای ئەو وادەیە هیچ بڕە گەنمێك وەرناگرن.
بەرگەشت ئاكرەیی ئاماژەیشی بەوەدا، كە ئەم كارە لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم كراوە، بڕِیاری سەرك وەزیران هەبوو كە هیچ گەنمێكی جوتیاران نەمێنێتەوە، ئێمەش لەو سۆنگەیەوە داوامان لە هەردوو كۆمپانیاگەورەكەی هەرێمی كوردستان كرد ،تا ئەو كارە جێبەجێ بكەن.