بەهۆی تەنگژەی داراییەوە، زۆرینەی دوكانەكانی بازاڕی سلێمانی بەتایبەت قەیسەریی نەقیب بۆ فرۆشتن دانراون، یان بە شێوەك بۆ كرێی مانگانە چۆڵ دەكرێن.
سلێمانی یەكێكە لەو شارانە كە زۆرترین جموجۆڵی لەناو بازاڕدا هەبووە، بەڵام بەهۆی كێشەی سیاسی لە شارەكە و تەنگژەی دارایی، كە لەلایەن بەغداوە دروست كراوە، ئێستە زۆرینەی دوكانەكانی دەفرۆشرێن.
ئەمڕۆ چوارشەم، دووی تەمووزی 2025، بەختیار كەمال، كە خاوەنی نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی موڵكە لە سلێمانی، بە "وشە" راگەیاند، لە هەفتەی رابردووەوە تا ئێستە، زیاتر لە 10 دوكانی بازاڕی گەورەی سلێمانی بە مەبەستی فرۆشتن لە نووسینگەكەی تۆمار كراون.
ڕوونیشی كردەوە، یەكەمجارە بەمشێوەیە خاوەن دوكانەكان دەیانەوێ موڵكەكانیان بفرۆشن، جیا لەوەی بەشێكی زۆر لە دوكانەكان بە كرێ دەدرێنەوە و خەڵكی تر كاری تێدا دەكەن.
ئەو خاوەن نووسینگەیە ئەوەیشی گوت، ئەو شوێنانەی كەلوپەلی ماڵ یان جلوبەرگ و پێویستی دەفرۆشن زیاتر رووبەڕووی ئەو تەنگژەیە بوونەتەوە، نمونەیشی بە بازاڕی نەقیب هێنایەوە كە ئێستە بێ بازاڕی رووی تێكردووە.
هەروەك هۆكارەكەی بە تەنگژەی دارایی و بە بارمتەگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان، لەلایەن بەغداوە دانا.