لە سلێمانی لە مانگی شەشی ئەمساڵدا 21 شوێن داخراون

:: AM:10:00:03/07/2025 ‌
ئاماری ئەو كار و چالاكییانەی كە لیژنە هاوبەشەكان لە مانگی شەشدا لە سنووری شاری سلێمانی ئەنجامیان داوە، دەریدەخەن سێ‌ حاڵەتی دادگا تۆمار كراوە، نزیكەی 26 تۆن مادەی ماوەبەسەرچوو لەناو براوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم سێی تەمووز، بەپشتبەستن بەو داتا و زانیارییانەی لە قایمقامییەتی سلێمانی تۆمار كراون، لە ماوەی یەك مانگدا، لە (1/6/2025) تا 30/6/2025) لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتی سلێمانی، (6770) سەردانیان بۆ بازاڕ و شوێنە گشتییەكانی شاری سلێمانی ئەنجام داوە، لەو سەردانانەشدا (127) حاڵەتی ئاگاداركردنەوە و (452) حاڵەتی سەرپێچی جۆراوجۆر تۆمار كراوە.

لەو ئامارەدا هاتووە، لەم مانگەدا تەنیا سێ حاڵەتی دادگا تۆماركراوە، (21) شوێنی گشتی و بازرگانیش داخراون، ئەو شوێنانەشی كە رووبەڕووی داخستن بوونەتەوە، بەهۆی دووبارە ئەنجامدانی سەرپێچی و پابەندنەبوونیان بووە بەو رێنوێنییانەی كە پێشتر لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە پێیان درابوون.

دوایین ئامار، وردەكاریی كار و چالاكییەكانی تری لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتی سلێمانی لە مانگی حوزەیران خستووەتە روو، لیژنەكان توانیویانە لەو مانگەدا بڕی (26) تۆن و (29) كیلۆگرام مادەی ماوەبەسەرچوو لەناو ببەن، بەبڕی (61) ملیۆن دینار، سزای هەموو ئەو شوێنانە بدەن كە پابەندی رێنوێنییەكانی سەلامەتی و تەندروستی و ڤێتێرنەری نەبوون.



وشە - رامیار جەواد