بەشە ئاردی پێنجەمیش دابەش دەكرێت

:: AM:10:48:03/07/2025 ‌
لەگەڵ دابەشكردنی بەشەخۆراكی چوارەمی ئەمساڵ، دەست بە دابەشكردنی بەشە ئاردی پێنجەمیش بەسەر هاووڵاتییاندا كراوە و وەزارەتی بازرگانیی عێراق، هاووڵاتییان دڵنیا دەكاتەوە كە ئاردەكەی ئەمجارەیان باشترین نانی لێ دروست دەكرێت.

موحسین نامس بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای بەرهەمهێنانی دانەوێڵە كە سەربە وەزارەتی بازرگانیی عێراقە، بە ماڵپەڕی وەزارەتەكەی راگەیاندووە، حەوت ملیۆن فەردە ئاردیان بۆ بریكارەكان دابین كردووە بۆ ئەوەی وەك بەشی پێنجەمی ئاردی ئەمساڵ دابەشی بكەن.

گوتوویەتی، دەست بە دابەشكردنی ئارد بەسەر بریكارەكان كراوە و ئاردەكەش بە كوالێتی بەرز دەگاتە دەستی هاووڵاتییان، دوای تاقیكردنەوە دەركەوتووە باشترین نانی لێ‌ دروست دەكرێت.


دەشڵێـت: پێشتر تیمەكانی پشكنین و كوالێتی، 77 سەردانیان بۆ ئاشەكانی هەردوو دیوی كەرخ و رەسافە ئەنجام داوە، لە ئەنجامدا 80 سەرپێچی لەلایەن ئاشەكانەوە دەستنیشان كراوە.

ئاشكراشی كردووە، تیمەكانی پشكنین لە كاتی چاودێریكردن و بەدواداچوون، سەردانی 404 بریكارەكانی ئاردیان كردووە و 148 سەرپێچییان تۆمار كردووە.




وشە - سۆران عەزیز