گەنجینەی ئەمەریكا سزای خستە سەر بازرگانێكی عێراقی "نەوتی لە قازانجی ئێران فرۆشتووە"

:: AM:09:50:04/07/2025 ‌
لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ توندکردنەوەی گوشارەکان لەسەر تاران، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر چەندین تۆڕدا کە بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ بەهای ملیارەها دۆلار نەوتی ئێرانیان گواستووەتەوە و کڕیویانە، کە بەشێک لە داهاتەکەی بۆ بەرژەوەندیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی - فەیلەقی قودس (IRGC-QF) بووە. یەکێک لەو تۆڕانەی سزا دراوە، لەلایەن بازرگانێکی عێراقی بە ناوی سەلیم ئەحمەد سەعیدـەوە بەڕێوەدەبرێت، کە قازانجی لە قاچاخچێتیی نەوتی ئێران کردووە بە شاردنەوەی لەژێر ناوی نەوتی عێراقی یان تێکەڵکردنی لەگەڵیدا. سزاکان چەندین کەشتییش دەگرێتەوە کە لە گواستنەوەی نهێنیی نەوتی ئێراندا بەشدار بوون، ئەمەش گوشارەکان لەسەر "کەشتیگەلی سێبەر"ـی ئێران زیاتر دەکات.


واشنتن – گەنجینەی ئەمەریکا تۆڕەکانی قاچاخچێتیی نەوتی ئێران دەکاتە ئامانج کە سوود بە فەیلەقی قودس دەگەیەنن

پێنجشەم چواری تەمووز، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی (OFAC)ی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، ڕێوشوێنی نوێی گرتەبەر دژ بەو تۆڕانەی کە بە کۆمەڵ بەهای ملیارەها دۆلار نەوتی ئێرانیان گواستووەتەوە و کڕیویانە، کە بەشێک لەو داهاتە بۆ بەرژەوەندیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی - فەیلەقی قودس (IRGC-QF) بووە، کە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی دەستنیشان کراوە. لەنێو ئەو قەوارانەی ئەمڕۆ سزا دراون، تۆڕێکی کۆمپانیاکان هەیە کە لەلایەن بازرگانی عێراقی، سەلیم ئەحمەد سەعید (سەعید)ـەوە بەڕێوەدەبرێت.

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینە، گوتی، وەک سەرۆک ترەمپ ڕوونی کردووەتەوە، ڕەفتارەکانی ئێران وڵاتەکەی وێران کردووە. گەنجینە بەردەوام دەبێت لە کردنە ئامانجی سەرچاوەکانی داهاتی تاران و چڕکردنەوەی گوشارە ئابوورییەکان بۆ پەکخستنی دەستڕاگەیشتنی ڕژێم بەو سەرچاوە داراییانەی کە چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانیان پێ دابین دەکەن.

لە هەواڵەكەی گەنجینەی ئەمەریكادا زیاتر هاتووە، هاوکات وەزارەتی دەرەوە شەش قەوارەی سزاداوە و چوار کەشتیی دەستنیشان کردووە.

تۆڕی قاچاخچێتیی نەوتی ئێران-عێراق

هاووڵاتیی عێراقی-بەریتانی "سەلیم ئەحمەد سەعید"، تۆڕێکی کۆمپانیا بەڕێوەدەبات کە لانیکەم لە ساڵی 2020ـەوە نەوتی ئێرانیان فرۆشتووە و بە درۆ وەک نەوتی عێراقی ناساندوویانە. کۆمپانیاکانی سەعید تەکنیکی گواستنەوەی نەوت لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی تر و شێوازی تری شاردنەوە بەکاردەهێنن. ئەوان نەوتی ئێرانی لەگەڵ نەوتی عێراقی تێکەڵ دەکەن و بە بەڵگەنامەی ساختەوە دەیفرۆشن.

سەعید بەرتیلی داوە بە چەندین ئەندامی دامەزراوە سەرەکییەکانی حكوومەتی عێراق، لەناویاندا پەرلەمان، و ملیۆنەها دۆلاری وەک بەرتیل داوە لە بەرانبەر وەسڵی ساختەدا.

 وردەکاریی کۆمپانیا و تۆڕە سزادراوەکان:

کۆمپانیاکانی سەلیم ئەحمەد سەعید:

کۆمپانیای VS Tankers FZE (پێشتر AISSOT): بنکەکەی لە ئیماراتە، بۆ قاچاخچێتی و تێکەڵکردنی نەوتی ئێرانی بۆ بەرژەوەندیی سوپای پاسداران بەکارهاتووە. کەشتییەکەی بەناوی DIJILAH بلۆک کراوە.

کۆمپانیای VS Oil Terminal FZE: بنکەکەی لە خۆر زوبێری عێراقە. شەش تانکی نەوتی بۆ تێکەڵکردنی نەوتی ئێرانی و عێراقی بەڕێوەدەبات. بەرپرسانی هاوکاری حكوومەتی عێراق نەوتە تێکەڵکراوەکە پشتڕاست دەکەنەوە. کارمەندەکانیشی بە قاچاخ پارە بۆ ئێران دەگوازنەوە.

کۆمپانیاکانی VS Petroleum DMCC و Rhine Shipping DMCC: بنکەیان لە ئیماراتە و تێوەگلاون لە تێکەڵکردنی نەوتی ئێرانی. Rhine Shipping پێشتر بەڕێوەبەری تانکەری سزادراوی MOLECULE بووە.

کۆمپانیاکانی The Willett Hotel Limited و Robinbest Limited: دوو کۆمپانیای بەریتانین و موڵکی سەعیدن، بۆیە سزا دراون.

ئەکتەرەکانی کەشتیگەلی سێبەر:

ئێران ئەم کەشتیگەلە بەکاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی نەوتەکەی و دابینکردنی داهات، بەتایبەتی بۆ کڕیارەکان لە ئاسیا.

کۆمپانیای Trans Arctic Global: بنکەکەی لە سەنگافورەیە و خزمەتگوزاریی بۆ کەشتییەکانی کۆمپانیای نیشتمانیی تانکەری ئێران (NITC) دابین کردووە بۆ تێپەڕبوون بە گەرووی مەلاکادا.

کەشتییەکانی VIZURI، FOTIS، THEMIS، و BIANCA JOYSEL: بە کۆمەڵ دەیان ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێرانیان بە بەهای ملیارەها دۆلار گواستووەتەوە. کۆمپانیاکانی خاوەنی ئەم کەشتیانەش سزا دراون.

فرۆشتنی نەوتی فەیلەقی قودس:

کۆمپانیای Al-Qatirji: لەلایەن فەیلەقی قودسەوە بۆ فرۆشتنی نەوت بەکار‌هێنراوە و سەدان ملیۆن دۆلار داهاتی بۆ دابین کردوون.

کەشتییەکانی ELIZABET، ATILA، و GAS MARYAM: لەلایەن کۆمپانیای Al-Qatirjiـیەوە بۆ گواستنەوەی نەوتی ئێرانی بۆ پشتیوانیی فەیلەقی قودس و تۆڕە سزادراوەکانی تر (وەک تۆڕی سەعید ئەلجەمال) بەکارهێنراون. کۆمپانیاکانی بەڕێوەبەری ئەم کەشتیانەش سزا دراون.

دەرەنجامەکانی سزاكان
لە ئەنجامی ڕێوشوێنی "ئەمڕۆ" پێنجشەمی گەنجینە، هەموو موڵک و بەرژەوەندییەکانی ئەو کەسانەی سزا دراون کە لە ئەمەریکا یان لەژێر کۆنترۆڵی کەسانی ئەمەریکیدان، بلۆک دەکرێن. پێشێلکردنی سزاكانی ئەمەریکا دەبێتە هۆی سزای مەدەنی یان تاوانکاری. هەروەها دامەزراوە داراییە بیانییەکان ڕووبەڕووی مەترسیی سزای لاوەکی دەبنەوە ئەگەر مامەڵەی بەرچاو لەگەڵ کەسە سزادراوەکان ئەنجام بدەن.


وشە - پۆڵا مەحموود