ئاگادارییەکی گرنگ بۆ هاووڵاتیان: ماوەی نوێکردنەوەی پسوولەی خۆراک درێژکرایەوە

:: AM:11:29:04/07/2025 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوونی بەغدا، ماوەی نوێکردنەوەی ئەلیکترۆنیی پسوولەی خۆراکی بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان تا 1ی ئابی 2025 درێژ کردەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر لە ئاگادارییەکدا ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارە دەرفەتێکی نوێ دەداتە ئەو هاووڵاتیانەی کە تا ئێستا نەیانتوانیوە پسوولەکانیان بە شێوازی ئەلیکترۆنی نوێ بکەنەوە.

ئەمڕۆ هەینی چواری تەمووزی 2025، لە ئاگادارییەكە هاتووە، "ئاگاداری بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بە هائاهەنگی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوونی بەغدا، بڕیار درا بە درێژکردنەوەی ماوەی نوێکردنەوەی پسوولەی خۆراک بە شێوازی ئەلیکترۆنی تا 2025/8/1."

لە ئاگادارییە بەپەلەكەدا هاتووە، داوا لە هاووڵاتیان دەکرێت سوود لەم ماوەیە وەربگرن و هەرچی زووە پسوولەکانیان نوێ بکەنەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانەیان.




وشە - پۆڵا مەحموود