هاوپەیمانیی ئۆپێك پڵەس بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت زیاد دەكات

:: PM:10:24:05/07/2025 ‌

هاوپەیمانیی ئۆپێك پڵەس رای گەیاند كە لابردنی كۆتەكانی سەر بەرهەمهێنانی نەوتی ئەندامانی خێرا كردووە و بڕارە لە مانگی داهاتووەوە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت 546 هەزار بەرمیل زیاد بكرێت، شارەزایەكیش دەڵێت لەو رێژەیە بەرهەمهێنانی رۆژانەی عێراق 48 هەزار بەرمیل زیاد دەكات.

بەپێی بەیاننامەیەكی هاوپەیمانیەتییەكە، هەریەك رووسیا و سعوودیە و عێراق و ئیمارات و كوێت  كازاخستان و جەزائیر و عومان بڕیاری خێراكردنی لابردنی كۆتەكانی سەر بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتیان داوە، ئەوان بەرهەمی نەوتیان بۆ مانگی ئابی داهاتوو بە قەبارەی 548 هەزار بەرمیلی رۆژانە بە بەراورد بە مانگی تەمووز زیاد دەكەن، لەوكاتەی هاوپەیمانیەتییەكە لە مانگی ئایاری رابردوو بەرهەمی رۆژانەی 411 هەزار بەرمیل زیاد كرد و بە هەمان بڕ بۆ مانگەكانی حوزەیران و تەمووز زیاد كرد.

د. نەبیل مەرسوومی شارەزای ئابووری دەڵێت، ئەو بڕیارەی ئۆپێك پڵەس لە ساتێكی هەستیاردا دێت رەنگە وا بكات نرخی نەوت لە بازاڕەكان زیاتر داببەزێت، چونكە تا ئێستە خواستی دنیا لەسەر نەوت جێگیر نییە، بەپێی بڕیارەكە قەبارەی نەوتی بەرهەمهێنراوی عێراق بۆ مانگی ئاب 48 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیاد دەكات و دەگاتە 4.171 ملیۆن بەرمیل كە ئێستە 4.122 ملیۆن بەرمیلە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل