ئەگەرچی حكوومەتەكەی ئاكپارتی بەردەوام بەڵێنی چارەسەركردنی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی شتومەك دەدات، بەڵام بەگوێرەی نوێترین ئامار، توركیا لەسەر ئاستی دنیا دووەمین وڵاتە زۆرترین هەڵاوسانی تێدایە.
بەگوێرەی نوێترین داتاكانی بانكی دۆیچەی ئەڵمانی، توركیا دوای ئەرجەنتین، زۆرترین هەڵاوسانی تێدایە و بەشێوەیەك لە ماوەی پێنج ساڵدا نرخی شتومەك بە رێژەیەكی زۆر زیادی كردووە و داهاتی خەڵكیش كەم بووەتەوە.
هەڵاوسان چەمكێكی ئابوورییە بۆ دۆخیك كە تێیدا هاوڵاتییان داهاتیان وەك خۆیەتی و نرخی شتومەك گران دەبێت، بەڵام لە توركیا خەڵك داهاتی كەمتر بووەتەوە و نرخی شتەكانیش گرانتر بوون.
بانكی دۆیچەی ئەڵمانی دەڵێت: پێش توركیا ئەرجەنتین، یەكەمین وڵاتی دنیایە كە رێژەی هەڵاوسانی گەلێ بەرزە، بە پلەی دووەمیش توركیا و بە پلەی سێیەمیش میسرە.
لە لیستەكەی بانكە ئەڵمانییەكەدا ئەرجەنتین بە رێژەیەكی یەكجار گەورە كە 2614% بووە، لە پێشەوەی لیستەكەیە. دوای ئەو توركیا دێت بە رێژەی 464% و پاشان میسر بە رێژەی 116% لە پلەی سێیەم دێت.
راپۆرتەكە دەڵێت: هەڵاوسان نایەكسانی و هەژاریی قووڵتر دەكاتەوە، ئەمەش كێشە و لێكەوتەی كۆمەڵایەتیی زۆری بەدوادا دێت.