حكوومەتی عێراق بەهۆی كێشەی كەمئاوییەوە دوو هەزار و 100 حەوزی ماسیی لابرد

:: AM:10:23:09/07/2025 ‌
وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق، تێكدانی دوو هەزار و 100 حەوزی نایاسایی بەخێوكردنی ماسیی تەنیا لە باكوری بەغدا ڕاگەیاند. 

وەزارەتەكە ڕای گەیاند، 90%ی حەوزە نایاساییەكانی بەخێوكردنی ماسی لە ناوچەی ڕەزوانییەی بەغدا لابراون.

ڕاگەیەنراوەكە لە زاری تەها مەحاوی بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق دەڵێ: 400 حەوزی نایاسایی لە ناوچەی ڕەزوانییە هەن و زۆرینەیان لابراون. هەڵمەتی لابردنی ئەوانی تریش بەردەوام دەبێت.

بەرپرسانی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق دووپات لەوە دەكەنەوە، حەوزە نایاساییەكانی بەخێوكردنی ماسی، هۆكاری سەرەكین لە بەفیرۆدانی ئاو، جگە لەوەیش ڕێگرن لە گەیشتنی بڕی ئاوی پێویست بۆ پارێزگاكانی باشووری عێراق.

وەزارەتەكە لە ڕاگەیەنراوێكدا كە لە سەرەتای حوزەیرانی 2023 بڵاوی كردەوە، دووپاتی لە تێكدانی دوو هەزار و 212 حەوزی نایاسایی لەسەر ڕووباری دیجلە و 853 حەوزی تری نایاسایی لەسەر ڕووباری فوڕات كردەوە.

لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا، سوود لە بەكارهێنانی تەكنەلۆجیای مۆدێرنی چاودێریكردن وەرگیراوە، لەناویاندا مانگی دەستكرد و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، ئەوەش بەمەبەستی دەستنیشانكردنی زیادەڕۆییەكان.

 بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق، بە تێكدان و هەڵگرتنی حەوزە نایاساییەكانی بەخێوكردنی ماسی، لەهەر چركەیەدا نزیكەی 50 مەتر سێجا ئاو پاشەكەوت دەكرێت، كە ئەو بڕە ئاوە پێشتر بەهۆی زیادەڕۆییەكانەوە بەفیڕۆ چووە.



وشە - سۆران عەزیز