موزهیر محه‌مه‌د ساڵح راوێژكارى محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بۆ كاروبارى ئابوورى و دارایى، سه‌رنجى خۆى له‌سه‌ر ئه‌و نامه‌یه ده‌خاته‌ڕوو كه دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا بۆ سوودانى ناردووه بۆ سه‌پاندنى باجى گومرگى به‌سه‌ر عێراق. موزهیر ده‌ڵێ، "په‌یامه‌كه هه‌ڕه‌شه‌ى بازرگانى نییه، به‌ڵام لۆجیكى نییه".
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 10ى ته‌مووز، موزهیر محه‌مه‌د ساڵح راوێژكارى ئابوورى سوودانى، له
لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا باس له‌و نامه‌یه ده‌كات كه تره‌مپ بۆ سوودانى ناردووه و ده‌ڵێ، "په‌یامى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا چه‌ند ئاماژه‌یه‌كى روونى تێدایه بۆ ئاراسته‌یه‌كى ئه‌رێنى، بۆ به‌هێزكردنى هاوپه‌یمانیى بازرگانى و وه‌به‌رهێنان له نێوان ئه‌و دوو وڵاته، به روونى ناوه‌ڕۆكى په‌یامه‌كه دیاره كه ئه‌مه‌ریكا كۆشش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى ئاسۆى هاریكاریى ئابوورى فراوان بكات و په‌نجه‌ره‌ى نوێ بۆ سوودى هه‌ردوو وڵات بكاته‌وه".
موزهیر محه‌مه‌د ساڵح له به‌شێكى تر‌ى قسه‌كانیدا ده‌ڵێ، "سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى عێراق بۆ ئه‌مه‌ریكا ته‌نیا نه‌وته و ئه‌ویش بڕه‌كه‌ى رۆژانه له 200 هه‌زار به‌رمیل زیاد ناكات، ساڵانه ده‌كاته چوار ملیار و 500 ملیۆن دۆلار. ئه‌ویش به بڕیارێكى پێشترى تره‌مپ لێخۆشبوونى بۆ ده‌ركراوه. بۆیه په‌یامى ئه‌مه‌ریكى له‌سه‌ر سه‌پاندنى باج به رێژه‌ى 30% لۆجیكى ده‌رناكه‌وێت، له كاتێكدا هیچ هه‌نارده‌یه‌كى كرده‌نى بۆ بازاڕى ئه‌مه‌ریكا نییه پێویستى به‌و رێكارییه بێت".
دواتر راوێژكاره‌كه‌ى سوودانى ده‌ڵێ، "له به‌رانبه‌ردا بازاڕى عێراق ساڵانه‌ى به به‌هاى ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلار شتومه‌كى ئه‌مه‌ریكى هاورده ده‌كات". بۆیه موزهیر محه‌مه‌د ساڵح دووپاتى ده‌كاته‌وه، پێوه‌ندییه‌كى دارایى به‌هێز له نێوان ئه‌مه‌ریكا و عێراقدا هه‌یه و "نابێت خوێندنه‌وه‌ى په‌یامى ئه‌مه‌ریكا له چوارچێوه‌ى به‌رته‌سك لێكدانه‌وه‌ى بۆ بكرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى بازرگانى بێت، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه، هه‌لێكى ستراتیجییه بۆ بنیاتنانى هاوپشكى ئابوورى فراوان، له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش و رێگرتنى هاوبه‌ش".
دوێنێ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا نامه‌یه‌كى بۆ سوودانى ناردووه و تێیدا ده‌ریخستووه له سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوو "ئاب"، باج به رێژه‌ى 30% ده‌خرێته سه‌ر شتومه‌كى عێراقى له ئه‌مه‌ریكا. تره‌مپ باسى له‌وه كردووه، ده‌كرێت ئه‌و رێژه‌یه بگۆڕێت و هیوایشى خواستووه پێوه‌ندیى بازرگانیى نێوان ئه‌مه‌ریكا و عێراق به‌رده‌وام بێت.
تره‌مپ له نامه‌كه‌یدا بۆ سوودانى ده‌ڵێ، "تكام وایه له‌وه بگه‌ن رێژه‌ى 30% كه‌متر له‌وه‌ى ده‌بێت هه‌بێت، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و كورتهێنانه ئابوورییه‌ى له نێوان ئێمه و وڵاته‌كه‌ى ئێوه هه‌یه، هه‌روه‌ها ده‌شزانن هیچ باجێكى گومرگى ناخرێته سه‌ر ئێوه، ئه‌گه‌ر عێراق یان كۆمپانیاكان له وڵاتى ئێوه ئاماده‌بن پیشه‌سازى له‌ناو ئه‌مه‌ریكا دروست بكه‌ن و كه‌لوپه‌ل به‌رهه‌م بهێنن. ئێمه‌یش ئه‌وپه‌ڕى كۆشش ده‌كه‌ین له ماوه‌ى چه‌ندان هه‌فته‌دا ره‌زامه‌ندیى به‌ده‌ست بهێنن به خێرایى و پیشه‌ییانه".
تره‌مپ هۆشداریشى به سوودانى داوه بیر له زیادكردنى باج نه‌كه‌نه‌وه، له نامه‌كه‌ى تره‌مپ هاتووه، "ئه‌گه‌ر به هه‌ر هۆیه‌ك بڕیارى به‌رزكردنه‌وه‌ى باجى گومرگى له‌لاى خۆتان بده‌ن، ئه‌وا هه‌ر زیاده‌یه‌ك هه‌ڵده‌بژێرین و ئێمه‌یش ده‌یخه‌ینه سه‌ر 30% ، تكام وایه له‌وه بگه‌ن ئه‌و باجانه پێویسته بۆ راستكردنه‌وه‌ى سیاسه‌تى گومرگى و ناگومرگى و كورتهێنانى بازرگانى له‌گه‌ڵ عێراق".