نرخی دراوی بیتکۆین، ئەمڕۆ هەینی 11ی تەمووزی 2025. بەرزترین ئاستی لە مێژووی خۆیدا تۆمارکرد، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی خواست لەلایەن دامەزراوە وەبەرهێنەرەکان و ئەو سیاسەتە پاڵپشتیکارانەی ئیدارەی سەرۆکی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ، بۆ دراوە کریپتۆکان گرتوویەتییەبەر.
گەورەترین دراوی کریپتۆی جیهان ئەمڕۆ هەینی لە مامەڵەکانی ئاسیا گەیشتە لوتکەی 116,781.10 دۆلار، بەمەش قازانجەکانی لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەیاندە زیاتر لە 24%. لە نوێترین مامەڵەشدا بە 116,563.11 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
جۆشوا چو، هاوسەرۆکی کۆمپانیای "وێب 3 ئەسۆسیەیشن" لە هۆنگ کۆنگ، ڕای گەیاند، ئەو لوتکە نوێیەی بیتکۆین پێی گەیشتووە، بەهۆی کەڵەکەبوونی بەردەوامی خواستی دامەزراوەییەوەیە.
باس لەوەش دەکرێت کە ترەمپ لە مانگی ئازاری ڕابردوودا فەرمانێکی جێبەجێکاری بۆ دامەزراندنی یەدەگێکی ستراتیجیی دراوە کریپتۆکان واژوو کردووە، هەروەها ژمارەیەک کەسایەتیی لایەنگری دراوە کریپتۆکانی لە پۆستە گرنگەکاندا داناوە، وەک پۆڵ ئاتکینز سەرۆکی دەستەی کاغەزە داراییەکان و بۆرسە.
لەلایەکی ترەوە، نرخی دراوی ئیسەر (Ether)، دووەم گەورەترین دراوی کریپتۆ لە جیهاندا، بە نزیکەی 5% نرخەكەی زیادی كردو بەهاكەی گەیشتە 2,956.82 دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی لە پێشتردا بەرزترین ئاستی پێنج مانگی ڕابردووی تۆمارکردبوو کە 2,998.42 دۆلار بوو.