تەیف سامی داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران دەكات ئەمڕۆ لەبارەی مووچەی هەرێم بڕیار بدات

:: AM:08:58:26/08/2025 ‌

تەیف سامی راپۆرتی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ شاندەكەی هەرێم بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز كردەوە و داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران دەكات، "ئێمە لەسەر بابەتی داهاتی نانەوتی نەگەیشتینە رێككەوتن،  ئێوە بڕیاری لەسەر بدەن".

شاندەكەی هەرێمی كوردستان دوای چەندان كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیرانی دارایی و ئاوەدانكردنەوە و نەوت، لەسەر هەموو پرسەكان رێككەوتن كرا، بەڵام لەسەر داهاتی نانەوتی یان "گەنجینەی گشتی" نەگەیشتنە رێككەوتن.

تەیف سامی لە راپۆرتێكی درێژ كە واژووی خۆی و شاندەكەی هەرێمیشی لەسەرە، بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی بەرز كردووەتەوە، لە راپۆرتەكەدا باسی ئەوەی كردووە كە ئێمە لەسەر هەموو خاڵەكان كۆكین، بەڵام لەبارەی گەنجینەی گشتی و داهاتی فیدراڵی یان نافیدراڵی، لێكدانەوەی جیامان هەیە، ئەمەش وایكرد نەگەینە رێككەوتن، بۆیە ئێوە بڕیاری لەسەر بدەن.

ئەمڕۆ سێشەم 26ی ئاب، بڕیارە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوە بچێت و تێیدا بڕیار لەبارەی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدات.

لەو راپۆرتەدا وەزیری دارایی نووسیویەتی: "شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵی، دووپاتیان لەسەر پابەندبوون بە رێككەوتنەكانی پێشوو كردەوە، هەردوولا بڕیاری جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانیان داوە.

ئەوە لەكاتێكدایە هەفتەی پێشوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی مووچەی دا، بەڵام بەسێ مەرج، لەم هەفتەدا هەموو ئەو مەرجانە كاریان لەسەر كرا، تەنیا مەرجی داهاتی نانەوتی مایەوە.

لەمبارەیەوە شیروان دووبەردانی رای گەیاند، دەبێت ئەمرۆ  تەیف سامی ئەنجامی كۆبوونەوەكانی ئەم دوو رۆژەی وەفدی هەولێر و بەغدا بە نووسراوێك بباتە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تا گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت.

شیروان دووبەردانی دەڵێت، ئەگەر نووسراوەكە ئەرێنی بێت ئەوا هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران داوا دەكات كە وەزارەتی دارایی عێراق تەمویلی مووچە بكات.

 



وشە - سۆران عەزیز