ئەمڕۆ دووشەم هەشتی ئەیلوول، كۆنفرانسی هاوبەشی بازرگانی و ئابووری حكوومەتی هەرێم و وەبەرهێنەر و بازرگانانی كوردستان و حكوومەتی ئەمەریكا و وەبەرهێنەران و بازرگانانی ئەو وڵاتە، لە هەولێر دەستی بەكارەكانی كرد، وێندی گرین رای گەیاند، یەك لە خەونم ئەوەبوو بازرگانانی ئەمەریكی ببینم هاوبەشی لەگەڵ كوردەكان بكەن.
وێندی گرین كونسوڵی گشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، لە كۆنفرانسی هاوبەشی بازرگانی و ئابووری هەرێم و ئەمەریكا لە هەولێر ڕای گەیاند: پێوەندیی بازرگانیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان زیاد دەكەین، بە بازرگان و وەبەرهێنەرانی ئەمەریكی گوت، یەك لە خەونەكانم ئەوەبوو ئێوە ببینم، لە بواری بازرگانیدا هاوبەشی لەگەڵ كوردەكان بكەن.
كونسوڵی گشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە چوارچێوەی كۆنفرانسەكەدا گوتی: سوپاسی میوانداریی هەرێمی كوردستان دەكەم كە ئەم هەلەیان دروست كرد بۆ بازرگان و وەبەرهێنەرانی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستاندا.
گوتی: سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان پشتیوانیی بۆ كەرتی بازرگانیی ئەمەریكا پێشان داوە، پێویستە بە هاوبەشی كار بۆ داهاتوو بكەین. ئاماژەی بەوەش كرد، پێشتر هاوبەشییەكانیان سەرنجی لەسەر بواری تەناهیی بووە، بەڵام دەیانەوێت ئێستە هاوبەشی لەسەر بنەمای بازرگانیی بنیات بنێن.
ئاشكرای كرد، لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ بووەتەوە و سەردانی ناوچەكانی كوردستانی كردووە، ئەكادیمیستەكان و بازرگانانی هەرێمی كوردستانی بینیوە، وەك خۆی گوتی: هەموو پرسیاری ئەوەیان دەكرد، هەنگاوی داهاتوو چییە، وەڵامی منیش ئەوەبوو "بازرگانی".
وێندی گرین ئاماژەی بەوەش دا، دۆناڵد ترەمپیش دووپاتی كردووەتەوە، هەموو سەرنجەكان لەسەر بواری بازرگانییە، نەك كاری تر، پێویستە سەرنجمان لەسەر هەلەكان بێت، ئەو هەلانە هاوبەشیمان بەهێزتر دەكات.
گوتیشی: ئەو هاوبەشییە دەگەڕێتەوە بۆ چەند دەیەی پێشوو، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاكێشا، پێوەندیی نێوان ئەمەریكا و كوردستان بەهای خۆی هەیە و دەیانەوێت درێژە بەو هاوبەشییە لە ڕێگەی بازرگانی و وزەوە بدەن.
دووپاتی كردەوە كە جگە لە بابەتی وزە، پێویستە سەرنج بخرێتە سەر بابەتەكانی تریش لە بواری پەروەردە و تەندروستی، "دەمانەوێت كۆمپانیای زیاتر لە ئەمەریكاوە بێنینە كوردستان و پێوەندییەكانمان لەڕووی بازرگانییەوە بەهێزتر بكەین".
ئاماژەی بەوەش كرد، لە پاڵ دەرفەتەكان، هەندێك ئاڵنگاریش هەن، دەمانەوێت لە ڕێگەی ئەو جۆرە كۆنفرانسەوە بەشێك لەو ئاڵنگارییانە چارەسەر بكەین، دەمانەوێت بە نەهێشتنی ئاڵنگارییەكان، زیاتر بچینە پێشەوە، ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكادایە.
شاندێكی ژووری بازرگانیی ئەمەریكا و ژمارەیەك وەبەرهێنەری ئەمەریكی كە زیاتر لە 25 كۆمپانیا پێكهاتوون، هاتوونەتە شاری هەولێر، ئامانجی سەردانەكەیان بۆ فراوانكردنی وەبەرهێنانە لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا.
ئەو كۆمپانیا ئەمەریكییانەی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، لە بوارەكانی بەرهەمهێنانی غاز، تەكنەلۆژیا، تەندروستی و كشتوكاڵ كاردەكەن و بەدوای دەرفەتی بازرگانی نوێوەن.