وێنە/ ئەرشیڤ
مەسروور بارزانی لە ئیمارات لەماوەی رابردوودا یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی واژوو كرد
بڕیارە لە رۆژی چوارشەمی داهاتوو، شاندێكی بازرگانیی هەرێمی كوردستان سەردانی ئیمارات بكات، د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئەوەی ئاشكرا كرد.
ئەمڕۆ دووشەم، هەشتی ئەیلوولی 2025، د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بە "وشە"ی راگەیاند، بۆ ئەوەی دەرفەتی وەبەرهێنان بخەنە بەردەم بازرگانانی ئیمارات، شاندێك لە هەرێمی كوردستانەوە دەچنە ئیمارات و لەگەڵ 50 كۆمپانیا كۆ دەبنەوە، دواتریش ئەوان سەردانی كوردستان دەكەن.
وەك سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بۆ كرد، لەو حكوومەتەدا لە تەواوی سێكتەرەكاندا گەشەی زۆر دەبینرێ، بۆیە پێویستە ئەو كاروانی ئاوەدانی و وەبەرهێنانە نەوەستێت و سوود لە ئەزموونی وڵاتانی تر وەربگرین.
بە گوتەی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، ئەو دەرفەتانەی بۆ وەبەرهێنان دەخرێنە بەردەم كۆمپانیا ئیماراتییەكان، كەرتەكانی پیشەسازی، كشتوكاڵ، گەشتوگوزار و تەكنەلۆجیا لەخۆ دەگرن.
كوردستان و ئیمارات پێوەندییەكی تۆكمەی سیاسی و ئابووری لە نێوانیاندا هەیە، لە ماوەی رابردوودا كۆمپانیا ئیماراتییەكان چەندان پڕۆژەی وەبەرهێنانیان لە كوردستان كردووە و ئاڵوگۆڕی پڕۆژەیش بوونی هەبووە.