ئه‌مڕۆ نرخی زێڕ له بازاڕه‌كانی دنیا، جارێكی تر ژماره‌ی پێوانه‌یی شكاند و ئه‌و ئاسته‌ی تێپه‌ڕاند كه پێشبیی كرابوو تا حوزه‌یرانی ساڵی داهاتوو بیپێكێت. نرخی هه‌ر ئۆنسێك زێڕ ئێسته به سێ هه‌زار و 650 دۆلار ده‌فرۆشرێت، به‌راورد به دوێنێ 20 دۆلار و به‌راورد به پێرێ 60 دۆلار گرانتر بووه.
به‌راورد به 10 رۆژی رابردوو، ئۆنسی زێڕ 200 دۆلار و به‌راورد به 20 رۆژی رابردوو 330 دۆلار گرانتر بووه، له‌وه‌ته‌ی سه‌ره‌تای مانگی رابردووه‌وه 400 دۆلار هاتووه‌ته سه‌ر هه‌ر ئۆنسێك و هه‌موو ئه‌وانه‌ی زێڕیان كڕیوه، قازانجێكی خه‌یاڵییان كردووه.
سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه نرخی زێڕ له دوای ئه‌وه زیاتر رووی له هه‌ڵكشان كرد كه بانكێكی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرای كرد، نرخی زێڕ له داهاتوودا و لانی كه‌م تا حوزه‌یرانی ساڵی 2026، تێكڕای نرخه‌كه‌ی ده‌گاته سێ هه‌زار و 659 دۆلار.
گرنگترین هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های زێڕ بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، بانكی ناوه‌ندیی چین ده‌یه‌وێت به كڕینی زیاتری زێڕ خۆی له هه‌ژموونی دۆلار رزگار بكات، چین له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردوودا ملیۆنێك و 220 هه‌زار ئۆنس ترۆی كڕیوه و هه‌ر ئێسته زیاتر له 74 ملیۆن ئۆنس ترۆی زێڕی هه‌یه. ئۆنس ترۆی یه‌كه‌یه‌كی پێوانه‌ی تایبه‌ت به‌چینه كه هاوتایه له‌گه‌ڵ 1.09714 ئۆنسی جیهانی.
یه‌كێكی تر له هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های زێڕ، پێوه‌ندیی به ناسه‌قامگیریی بازاڕه‌كانی دنیا هه‌یه، وایكردووه وه‌به‌رهێنه‌ران زیاتر روو له كڕینی زێڕ بكه‌ن، چونكه كاڵایه‌كی متمانه‌پێكراوه. لێكۆڵه‌رانی بازاڕی زێڕ پێشبینییان كردووه، نرخه‌كه‌ی بگاته چوار هه‌زار دۆلار.
جگه له‌مه پێشبینی ده‌كرێ بانكی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا به مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی بازاڕی كار، رێژه‌ی سوودی بانكی 0.5% كه‌م بكاته‌وه و له‌و كاته‌دا كه سوود داده‌به‌زێت، نرخی زێڕیش زیاتر به‌رز ده‌بێته‌وه.
ناكۆكی له نێوان حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا و بانكی ناوه‌ندی په‌ره‌ی سه‌ندووه و به گوته‌ی دامه‌زراوه‌ی گۆلدمه‌ن ساكس، ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌نگاوێكی حكوومه‌تی تره‌مپ ببێته هۆی ئه‌وه‌ی بانكی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا سه‌ربه‌خۆیی له ده‌ست بدات، ئه‌وا پێشبینی ده‌كرێ نرخی زێڕ بگاته پێنج هه‌زار دۆلار بۆ هه‌ر ئۆنسێك.
به‌گوێره‌ی نوێترین نرخی زێڕ له زێڕنگری ئازورای هه‌ولێر، ئۆنسه‌ی زێڕ به سێ هه‌زار و 650 دۆلار، عه‌یار 21 به 733 هه‌زار دینار، عه‌یار 18 به 628 هه‌زار دینار، عه‌یار 24 به 836 هه‌زار دینار ده‌فرۆشرێت و نرخی 100 دۆلاریش به 143 هه‌زار و 200 دینار هه‌ژمار كراوه.