كۆمپانیای هیلال: ئامادەین بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا غازی هەرێم بدەین بە عێراق

:: PM:06:24:09/09/2025 ‌

عێراق بە بەردەوام كێشەی كەمیی كارەبای هەیە، پارەیەكی زۆر لە كەرتی كارەبا خەرج كراوە، كەچی بەهۆی گەندەڵی لە گرێبەستەكان و هۆكاری سیاسی و ململانێی ئەمەریكا و ئێران نەتوانراوە كەمیی كارەبا چارەسەر بكرێت و هەموو هاوینان عێراقییەكان دەكەونە ناو تەنگژەیەكی قووڵی كارەباوە، بەرپرسی كۆمپانیایەكی ئیماراتی كە لە بواری غاز لە هەرێم كار دەكات دەڵێت، ئامادەن غاز بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بدەن بە بەغدا.
عەبدوڵا قازی سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی ئاماژە دەكات كە قەبارەی بەرهەمهێنانی ئێستەی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی گەیشتووەتە 520 مقمق، بەر لە كۆتایی ئەمساڵیش یەكەم فرەوانكردنی كێڵگەكە تەواو دەبێت و 250 مقمقی تر بۆ بەرهەمەكەی زیاد دەكات.

زیاتر گوتی، بەو شێوەیە بەرهەمهێنانی غاز لە هەرێمی كوردستان دەگاتە ئاستی خۆبژێوی لە دابینكردنی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا و دوای ئەوە دەتوانرێت بڕی زیادەی بۆ پێویستی تر بەكار بهێنرێت، ئاشكرای كرد كە كۆمپانیاكەیان پێشنیازێكی بۆ حكوومەتی عێراق كردووە بۆ هەناردەكردنی بڕێك غاز بۆ وەزارەتی كارەبا و تا ئێستە چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەتەكەین، كە تیایدا ئامادەیی خۆمان بۆ دابینكردنی ئەو بڕە غازەی وەزارەتەكە داوای دەكات لەخۆ دەگرێت.

سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی ئاشكرای كرد كە ئێستە كۆمپانیاكەیان ئامادەیە بۆ دابینكردنی 100 مقمق لە غاز كە بەشی بەكارخستنی وێستگەكانی كارەبا بۆ بەرهەمهێنانی 500 مێگاوات دەكات، ئێمە ئامادەشین بۆ سێ ساڵی داهاتوو بڕی هەناردەكردن بۆ حكوومەتی عێراق زیاد بكەین و 400 مقمق غازی بۆ دابین بكەین كە بەشی بەرهەمهێنانی دوو هەزار مێگاوات كارەبا دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل