تا ئێستە خشتە داراییەكانی بودجەی 2025 رەوانەی پەرلەمان نەكراوە، دامەزراندن نییە و پارە بۆ پڕۆژەكان و وەبەرهێنانیش نییە، بودجەی عێراق نیوچە تەواوەتی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، كە وەك شارەزایان دەڵێن زۆرینەی بۆ مووچە دەچێت، هاوكات داهاتی نانەوتی دیار نییە و لە ماوەی دواییش كێشەی سیولە و رێژەی گەورەی كورتهێنان و قەرز و سوودی قەرز سەری هەڵدا، هەموو ئەوانە ئاماژەن بۆ تەنگژەیەكی قووڵی دارایی لە عێراق كە رەنگدانەوەی گەندەڵی و خراپیی ئیدارەدانە.
ئێستە قسەكردن لەبارەی بوونی تەنگژەیەكی قووڵی دارایی تەنیا قسە نەماوە، بەڵكو بووەتە دۆخێكی كردەنی و وریایی لەبارەوە دەدرێت، خەڵك و فەرمانبەر و خانەنشینان تیایدا دەژین، دەوڵەتیش خۆی بۆ پشتبەستن بە داهاتی نەوت جیهێشتووە و خەریكە دۆخەكە بۆ خەڵك ئاشكرا دەبێت بەوەی گەنجینەی دەوڵەت بەتاڵە و داهاتی نەوتیش تەنیا بۆ مووچەیە و ئەویش لە كاتی خۆی نادرێت، واتە عێراق تەنیا نەگەیشتووەتە دۆخی وریاكردنەوەی لە مایەپووچی، بەڵكو تیایدا دەژیت، كاتێك دەبینرێت كاروانی خانەنشینان بۆ وەرگرتنی مووچە ریز بووە، لەناو هەستكردن بە بێئومێدی لەوەی داهاتی نەوت، بەو هەموو زۆریەیەوە، بووەتە تەنیا ئامرازێك بۆ بەكارهێنان دوور لە پەرەپێدان و سەقامگیریی دارایی.
حامد سەید سیاسەتوانی عێراقی باسی چەند ئاماژەیەك دەكات، كە لە ناوخۆی حكوومەتەوە وڵاتەوە سەرچاوەیان گرتووە نەك لە لایەن نەیارانەوە، پارەی مووچە لە نیوەی یەكەمی 2025 گەیشتووەتە 44.964 تریلیۆن دینار، لەوكاتەی داهاتی فرۆشتنی نەوت لەو ماوەیە 45.283 تریلیۆن دینار بووە، واتە 99.2%ی بۆ مووچە چووە، ئەو ژمارانە ئاشكرای دەكەن كە پارەی فرۆشتنی نەوت بە تەواوەتی بۆ مووچە دەچێت، بێ ئەوەی بەشێكی بۆ وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری و پەرەپێدان گل بدرێتەوە، بۆیە گەنجینەی دەوڵەت بەتاڵە و قایشەكانتان بە جوانی توند بكەن و مایەپووچی بەڕێگەوەیە.