شووتی گران بووە و وەزارتی كشتوكاڵیش باجی لەسەر لادەبات

:: PM:12:08:10/09/2025 ‌
بەهۆی نرخە بەرزەكەی لە بازارەكانی كوردستاندا، وەزارەتی كشتوكاڵ داوا لە وەزارەتی دارایی دەكات، باج لەسەر شووتی هاوردە هەڵبگیرێت.

ئەمساڵ شووتی و كاڵەك و بەشێكی تر لە بەروبوومە وەرزییەكان، نرخیان لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەرز بوو، تا ئێستە شووتی كیلۆی بەهەزار دینارە و كاڵەكیش گرانتر.

وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەنووسراوێك داوا لە وەزارەتی دارایی دەكات، باج لەسەر شووتی هاوردە هەڵبگرێت تا نرخەكەی كەمێك دابەزێت و هاووڵاتییان بتوانن لەم كۆتایی هاوینەدا تێر شووتی بخۆن.

 ساڵانە لەگەڵ پێگەیشتنی بەروبوومی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان، باج دەخرێتە سەر ئەو بەروبوومە كشتوكاڵییانەی كە لە دەرەوەی وڵات هاورە دەكرێن، هەندێك جاریش بەهۆی بەروبوومی ناوخۆ، بەشێك لە بەروبوومەكان لە دەرەوە قەدەغە دەكرێن، ئەمەش وەك پاڵپشتییەك بۆ جووتیارانی كوردستان.

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، نووسراوێكی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كردووە، باج لەسەر بەرهەمی شووتیی هاوردەكراو لە دەرەوەی وڵات هەڵبگیرێت.

 وەزارەتەكە ئاماژە بەوە دەكات، بەدواداچوونیان كردووە ئیتر وەرزی بەروبوومی شووتی لە كوردستان بەرەو كۆتایی دەچێت و ئێستە كەم بووەتەوە، ئەمەش وایكردووە نرخەكەشی بەرز بێتەوە.

وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت: پاڵپشت بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەروبوومی كشتوكاڵی ژمارە (4)ی ساڵی 2008، پاڵپشت بە نووسراوی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (6547) لە 22-10-2014 تایبەت بە پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی، بڕیارمان دا بە هەڵگرتنی باج لەسەر بەرهەمی (شووتی)ی هاوردەكراو تا كاتێكی نادیار.



وشە - سۆران عەزیز