هێلكە و مریشكی كوردستان رەوانەی وڵاتانی كەنداو دەكرێت

:: AM:10:18:13/09/2025 ‌
هێلكە و مریشكی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی كوردستان، لە پێداویستیی بازاڕەكانی ناوخۆ زیاترە، وەزارەتی كشتوكاڵ پلانی هەیە زیادەكەی رەوانەی وڵاتانی كەنداو بكات.

گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێم، ئاماژە بەوە دەكات هەرێمی كوردستان، پێویستی ساڵانەی بە گۆشتی سپی بریتییە لە 150 هەزار تۆن، بەڵام ساڵانە 280 هەزار تۆن بەرهەم دەهێنرێت.

هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێم، بە "وشە" ڕاگەیاند: ساڵانە لە هەرێمی كوردستان پێویستمان بە 150 هەزار تۆن گۆشتی مریشكە، بەڵام كێڵگە پەلەوەرییەكان نزیكەی دوو هێندەی ئەو بڕە گۆشت بەرهەم دەهێنن و ساڵانە بەرهەمی گۆشتی مریشك دەگاتە 280 هەزار تۆن گۆشت، ئەوەش بڕێكی زۆرە و دەبێت بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە بۆ ساغكردنەوەی.

ئاماژەی بەوەش كرد، شانبەشانی زیادبوونی بەرهەمی گۆشتی سپی، بەرهەمی هێلكەش بەهەمانشێوە زۆر زیادی كردووە، ئێستە كۆی گشتیی پڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی هێلكە گەیشتووەتە 55 پڕۆژە، لە كاتێكدا بەر لە چەند ساڵی رابردوو زۆر كەمتر لەو ژمارەیە، پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلكەمان هەبوو لە هەرێمی كورستان، ئەمەش وایكردووە كە بەشی پێداویستی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان و عێراق لە بەرهەمی هێلكە، لەو پڕۆژانەوە بەرهەم بهێنرێت.

گوتەبێژەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی یاسای پارێزگاریكردن لە بەرهەمی ناوخۆیی و رۆژمێری كشتوكاڵی، هاوردەكردنی گۆشتی مریشك و هێلكە بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە، بۆ ئەوەی پاڵپشتیی بەرهەمهێنەرانی خۆمان بین، هاوكات بۆ ساغكردنەوەی ئەو بەرهەمە زیادەی كە ساڵانە لە گۆشت و هێلكە بەرهەمی دەهێنین، پلانمان هەیە كە بەرهەمی كێڵگەكانی كوردستان ڕەوانەی بازاڕی وڵاتانی كەنداو بكەین.

شاندێكی باڵای ئیمارات لەم رۆژانە لە كوردستان بوون، بڕیاریان داوە بەرهەمی هەرێمی كوردستان لە رێگەی كۆمپانیا ئیماراتییەكانەوە رەوانەی بازاڕەكانی دنیا، بەتایبەت وڵاتانی كەنداو بكەن، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، ئیمارات پێویستی بەبەرهەمی جووتیار و كێڵگەكانی كوردستان هەیە، ئەمەش دەبێتە پڕۆژەیەكی گەورەی ئابووری كە لە كابینەی نۆی حكوومەت ئیشی وردی لەسەر كرا.



وشە - سۆران عەزیز