حكوومەتی عێراق داوای كردووە یاسای خانەنشینی یەكگرتوو لە هەرێم جێبەجێ بكرێت و بەپێی ئەو یاسایە، مووچەی ئەفسەرانی خانەنشینانی پێشمەرگە كەم دەبێتەوە، حكوومەتی هەرێمیش رەتی كردووەتەوە و رای گەیاندووە، ناچنە ژێرباری جێبەجێكردنی یاساكەی عێراق.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەوە بە "وشە" دراوە، بەهۆی جێبەجێكردنی یاسای ژمارە نۆی خانەنشینی یەكگرتووی عێراق كە لە ساڵی 2014 دەرچووە، لەبری یاسای خانەنشینی ساڵی 2007ی هەرێم، گۆڕانكاری بەسەر مووچەی خانەنشینانی سەربازی دێت، هاوكات وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی هەرێم كردووە كە تا كۆتایی ئەمساڵ، پرسی خانەنشینانی سەربازی لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراقدا چارەسەر بكرێت.
ئەگەر یاسای خانەنشینی ژمارە نۆی عێراق وەك خۆی بەسەر خانەنشینانی سەربازی جێبەجێ بكرێت ، ئەوا ئەو كەسانەی بە پلەكانی "ڕائید و موقەدەم و عەقید و عەمید و لیوا و فەریق ڕوكن و فەریق" خانەنشین كراون، لە یاساكەی عێراقدا دەرماڵەی مەترسی و هاوسەرگیری و منداڵ بوونی نییە، بەمەش مووچەی پلەباڵاكان پلەدارەكان لە نێوان 500 هەزار دینار تا نزیكەی دوو ملیۆن دینار كەم دەبێتەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە بە "وشە"یان گوت، داوایان كردووە خانەنشینی پێشمەرگە لەبری یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق، بەگوێرەی یاسای راژە و خانەنشینی ساڵی 2007 بێت.
هۆكاری ئەم داواكارییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دەرماڵەی ژن و منداڵ و مەترسی لە یاسای 2007دا ماوەتەوە، بەڵام لە یاسای عێراقیدا نییە، بەڵام ئەمە دەبێت دواجار وەزارەتی دارایی عێراق ڕەزامەندسی لەسەر بدات.
پرسی خانەنشینكردنی پێشمەرگە بەتایبەت پلەباڵاكان، بووەتە كێشەیەكی گەرم لە نێوان حكووەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، كە مەترسی كەمكردنەوەی مووچەی هەزاران خانەنشینی لێ دەكرێت.
لە كۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستاندا، پێشنیاز كرا كە یاسای ژمارە 38ـی ساڵی 2007ـی پەرلەمانی كوردستان بۆ خانەنشینكردنی پێشمەرگە جێبەجێ بكرێت، لە جیاتی یاسای ژمارە نۆـی خانەنشینی ساڵی 2014ـی عێراق، چونكە یاساكەی كوردستان ماف و ئیمتیازی زیاتر بۆ پێشمەرگە دەستەبەر دەكات.
لە وەڵامی ئەم دۆخەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، بڕیاری داوە لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای پەرلەمانی كوردستان.