شاندێکی جووتیارانی دەڤەری سۆران، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی ساغبوونەوەی بەرهەمەکانیان، سەردانی بەغدایان کرد و لە ئەنجامدا بەڵێنی ڕێگری کردن لە بەرهەمی هاوردەیان پێدرا.
دکتۆر دانەر عەبدولغەفار پارێزەری جووتیاران، کە وەک نوێنەری جووتیارانی سۆران لەگەڵ شاندەکەدا بوو، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕۆژی یەکشەم، 14ی ئەیلوولی 2025، لە بەغدا لەگەڵ چەندین لایەنی پێوەندار کۆبوونەتەوە.
ناوبراو گوتی، ئامانجمان پاڵپشتیکردن و پاراستنی ڕەنج و ماندووبوونی جووتیارەکانمان بوو. بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ دەستەی دەروازە سنوورییەکان کۆبووینەوە و دکتۆر عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەکە، بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەی پێداین و ڕای گەیاند، ڕێگری لە هاتنەژوورەوەی بەرهەمی دەرەکی دەکەن.
پارێزەری جووتیاران هەروەها ئاماژەی بەوەیش کرد کە لەگەڵ لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، کۆبوونەتەوە و داوایان کردووە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکیی کێشەکە چڕتر بکەنەوە.
دکتۆر دانەر عەبدولغەفار سوپاسی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە بەغدا کرد بۆ هاوکاری و پاڵپشتییان.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ "وشە"، پارێزەرەکە دووپاتی کردەوە، پێش گەڕانەوەمان، نووسینگەی دکتۆر عومەر وائیلی پێوەندییان پێوە کردین و پێیان ڕاگەیاندین کە بڕیاری ڕێگری کردن لە هاتنەژوورەوەی بەرهەمی هاوردە دەرچووە و چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وشە - سۆران / کرمانج فەتاح