شارەزایەك: وەستانی هەناردنی نەوت هەرێم لە بەرژەوەندیی عێراقە

:: PM:11:09:14/09/2025 ‌

هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ئازاری 2023 لەسەر سكاڵایەكی حكوومەتی عێراق وەستاوە و تا ئێستە دەستی پێ نەكراوەتەوە، لەو ساتەوە هەوڵی دەست پێكردنەوەی هەناردن دەدرێت و دوا جار لەسەر گفتوگۆی بەغدا و كۆمپانیا نەوتییەكان ماوەتەوە بگەن بە رێككەوتن، شارەزایەكی بواری نەوت ئاشكرای دەكات كە وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێم لە بەرژەوەندیی بەغدایە.

حەمزە جەواهیری شارەزای بواری نەوت دووپاتی كردەوە كە عێراق بەهۆی وەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە زەرەر ناكات، بە پێچەوانەوە دەست پێكردنەوە و بەردەوامبوونی هەناردن خەرجییەكی زۆری لەسەر حكوومەت هەیە.

روونی كردەوە، دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم پێویست دەكات پارەی كۆمپانیا بەرهەمهێنەرە بیانییەكان و رسووماتی گواستنەوە لە رێی بۆری نەوتی توركیا و خەرجی بەكارخستنی پێوەست بە بۆرییەكە بدرێت، لەوكاتەی باشووری عێراق بڕی ملیۆنێك بەرهەمی زیادی بەكارنەهێنراو بەهۆی سنوورداركردنی بەرهەمی نەوتی عێراق لە لایەن ئۆپێك پڵەسەوە هەیە، واتە ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێم هەناردە دەكرێت دەبێت لە بەرهەمی باشوور كەم بكرێتەوە، كە تێچووی بەرهەمهێنانی زۆر كەمترە، بۆیە جیاوازیی داهاتی نەوتەكانی باشوور و هەرێم زۆرە بۆ بەغدا.  

جەواهیری دووپاتی كردەوە كە بە حسێبكردنی ئەوانە وەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ عێراق ئەو زیانەی نییە وەك لە هەندێك راپۆرت باس دەكرێت، بەڵكو دەبێتە هۆی پاراستنی داهاتی دارایی دەوڵەت و كەمكردنەوەی خەرجییەكانی بەكارخستن.

لەوكاتەی روانگەی "ئیكۆ"ی تایبەت بە بواری ئابووری باسی ئەوە دەكات كە زیانی رۆژانەی وەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ عێراق 11.16 ملیۆن دۆلارە، وەفا محەمەد كەریم توێژەری سیاسی دەڵێت، كۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەكان هۆكاری سەرەكین لە دەست پێ نەكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و ئەوان داوای گەرەنتیی یاسایی نووسراو لە بەغدا دەكەن، جیا لەوە داوای بڕی قەرزی پێشووش دەكەن. 
 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل