له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی هه‌فته‌یه‌كی نوێ له بازاڕی بۆرسه، نرخی نه‌وت رووی له به‌رزبوونه‌وه كرد و هۆكاره‌كه‌یش پێوه‌ندی به هێرش بۆ سه‌ر پاڵاوگه‌یه‌كی نه‌وتی رووسیا هه‌یه.
به‌گوێره‌ی نرخی نه‌وت له بۆرسه‌ی جیهانی، هه‌ر به‌رمیلێك له نه‌وتی برێنت به 67 دۆلار و 40 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت، له كاتێكدا له كۆتایی هه‌فته‌ی رابردووی بازاڕی بۆرسه نرخه‌كه‌ی له خوارووی 67 دۆلار داخرابوو.
گرنگترین هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، پێوه‌ندیی به هێرشه درۆنییه‌كه‌ی ئۆكراینا بۆ سه‌ر پاڵاوگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی رووسیا هات كه دوێنێ كرا. هێرشه‌كه بووه هۆی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره له پاڵاوگه‌ی نه‌وتی كریشی كه رۆژانه 355 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ده‌پاڵاوت، ئه‌مه‌ش هاوتایه له‌گه‌ڵ 6.4%ی كۆی به‌رهه‌می نه‌وتی پاڵاوتووی رووسیا.
هه‌ر له رۆژانی رابردوودا به‌نده‌ری ریمۆرێسك له‌لایه‌ن ئۆكرایناوه كراوه‌ته ئامانج كه رۆژانه توانای هه‌نارده‌كردنی یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی هه‌بوو، به‌نده‌ره‌كه به گه‌وره‌ترین به‌نده‌ری رۆژئاوای رووسیا هه‌ژمار ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش له بازاڕه‌كانی نه‌وت نیگه‌رانی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه و مه‌ترسی هه‌یه كێشه له به‌شێكی دابینكردنی پێداویستییه‌كانی نه‌وت له دنیادا بێته كایه‌وه.
به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له كاتێكدایه، هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر قه‌ته‌ریش پێشتر كاریگه‌ریی خستبووه سه‌ر بازاڕ و كه‌مێك له نرخه‌كه‌ی به‌رز كردبووه‌وه.
ئه‌و ئه‌گه‌ره له ئارادایه كه ئه‌مه‌ریكا سزا بخاته سه‌ر كه‌رتی نه‌وتی رووسیا، له‌و كاته‌شدا خستنه‌ڕووی نه‌وت له بازاڕه‌كان كه‌متر ده‌بێته‌وه و جارێكی تر كاریگه‌ریی ده‌خاته سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های نه‌وت.
دوێنێ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رای گه‌یاند، ئاماده‌یه سزای زۆر توند به‌سه‌ر رووسیادا بسه‌پێنێت، به‌مه‌رجێك وڵاتانی ئه‌ندامی ناتۆیش هه‌نگاو بنێن و كڕینی نه‌وت له‌و وڵاته بوه‌ستێنن.
ئه‌و پێی وایه ئه‌گه‌ر كڕینی نه‌وت له رووسیا كۆتایی پێ بهێنرێت، ئه‌وا دۆخه‌كه زۆر جیاواز ده‌بێت، پێشنیاری ئه‌وه‌یشی كردووه ناتۆ به رێژه‌ی 50% تا 100% پێناسی گومرگی به‌سه‌ر چیندا بسه‌پێنێت، له‌و كاته‌شدا په‌كین ناتوانێ به‌م شێوه‌یه مۆسكۆ كۆنترۆڵ بكات.
به‌گوته‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كڕینی نه‌وتی رووسیا له‌لایه‌ن ناتۆوه، شتێكی زۆر كاره‌ساتباره و هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه توانای دانوستانی وڵاتانی ئه‌وروپا به‌رانبه‌ر رووسیا لاواز بێت.
تره‌مپ گوتی، ''راگرتنی یه‌كجاره‌كی كڕینی نه‌وت له رووسیا و سه‌پاندنی پێناسی گومرگی به‌سه‌ر چین كاریگه‌ر ده‌بن، هه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه ده‌كرێ دوای جه‌نگ وه‌ك خۆی لێ بێته‌وه، به‌ڵام ده‌بێت بزانرێت هه‌نگاوه‌كه بۆ كۆتاهێنان به جه‌نگ زۆر گرنگه.''
ساڵی 2022 یه‌كێتیی ئه‌وروپا نزیكه‌ی 45% له پێداویستیی گازی خۆی له رووسیاوه دابین ده‌كرد، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌و رێژه‌یه ئه‌مساڵ بۆ 13% كه‌م ببێته‌وه، هه‌رچه‌نده له قسه‌كانی تره‌مپ وا ده‌رده‌كه‌وێت به‌و رێژه‌یه‌ش رازی نییه.
ناكۆكیی نێوان ناتۆ و رووسیا له رۆژی چوارشه‌مه‌وه زیادی كردووه، دوای ئه‌وه‌ی 12 درۆنی رووسیا دزه‌یان كرده سنووری ئاسمانی پۆڵه‌نداوه، هه‌روه‌ها هێرشی ئۆكراینا بۆ سه‌ر گرنگترین دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانی رووسیا، رووداوێكی تره كه دۆخی بازاڕه‌كانی هێنده‌ی تر ئاڵۆز كردووه.