كێشەی عێراق ئەوەیە چەندان ناوەندی بڕیاردان و دەسەڵات لە ناوخۆ و دەرەوەی هەن، داهاتی نەوتی عێراق و سامانەكەی بە چەندان فلتەردا تێپەڕ دەبێت، ئینجا ئەوەی دەمێنێتەوە لە خەڵكەكە خەرج دەكرێت، بۆیە داهاتی عێراق هەرچەند زۆر بێت، هیچ كاریگەرییەكی نابێت، شارەزایەكی ئابووری وێنەیەكی تاریك لەسەر دۆخی دارایی عێراق ئێستە و لە دوای هەڵبژاردن وێنا دەكات.
نەبیل مەرسوومی مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری دەڵێت، دۆخی دارایی لە عێراق زۆر سەختە، حكوومەتی ئێستە توانای خەرجكردنی لە بوارەكانی بەگەڕخستن و وەبەرهێنان و هاوردەكردنی غاز و وزە و دابینكردنی پارەی بۆ پڕۆژەكانی ژێرخان نییە، بۆیە دوو بژارە بۆ باشبوونی دۆخەكە هەیە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی داهاتەكەی، كە ئەوەش لە سایەی سیاسەتەكانی ئەمەریكا كە گوشاری خستووەتە سەر ئۆپێك پڵەس بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنان و هێشتنەوەی نرخی نەوت بە نزمی ئەگەرێكی دوورە.
مەرسوومی روونی كردەوە، نرخی نەوت لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوو لە تێكڕای ئێستە دەمێننەوە، ئەوەش گوشارەكانی دۆخی دارایی زیاتر دەكەن، هاوكات زەحمەتە داهاتی نانەوتی لە عێراق زیاد ببێت، كە وا دەكات هەر حكوومەتێكی نوێ لە دوای هەڵبژاردن ناچار بێت بۆ وەرگرتنی رێوشوێنی بەپەلەی ئابووری، كە بەتایبەتی بۆ خاوەن داهاتی سنووردار بە ئازار دەبێت، لەوانە سنوورداركردنی پسوولەی خۆراك و لابردنی پاڵپشتی لەسەر سووتەمەنی و كارەبا و كەمكردنەوەی نرخی دینار بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی.
ئەو شارەزایە ئابوورییە ئاشكرای كرد، ئەو رێوشوێنانە بەر لە هەڵبژاردن وەرناگیرێن، چونكە زیان بە ناوبانگی حكوومەت و پرۆسەی هەڵبژاردن دەگەیەنن و توڕەیی جەماوەر دروست دەكەن، بۆیە كێشەی گەورەی هەر حكوومەتێكی داهاتوو چۆنیەتی هاوسەنگكردنە لە نێوان پێویستیی ئابووری و گوشاری جەماوەرییەوە.