حەسەن حاتوم، پسپۆڕی لبنانی لە بواری بەڕێوەبردنی دارایی، ئەمڕۆ هەینی (19ی ئەیلوولی 2025)، دووپاتی کردەوە کە "خەرجیی شاراوە" "کونێکی بێدەنگ لە بەلەمی داراییدا" دروست دەکات، و هۆشداریی دا لە کاریگەرییە کەڵەکەبووەکەی ئەگەر بە وریایی و پابەندبوونەوە چاودێری نەکرێت و چارەسەر نەکرێت.
حاتوم، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، زۆرێک لە خەڵکی لە بەڕێوەبردنی داراییدا تەرکیز دەکەنە سەر خەرجییە گەورەکان وەک کرێی خانووبەرە یان خوێندن، بەڵام زۆرجار ئەوەی پێی دەگوترێت "خەرجیی شاراوە" پشتگوێ دەخەن، کە بریتییە لە کۆمەڵێک خەرجیی بچووک و دووبارەبووەوە کە لە سەرەتادا بێکاریگەر دەردەکەون، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دەبنە بارێکی دارایی گەورە و بەشێکی بەرچاو لە داهاتی مانگانە قووت دەدەن.
زیاتر گوتی، خەرجیی شاراوە بەشدارییە دیجیتاڵییە لەبیرکراوەکان، تێچووە بانکییە شاراوەکان، تێچووی گەیاندنی خواردن، کڕینی لەناکاو بەپێی میزاج و خەرجیی کاشی ڕۆژانە وەک قاوە یان گواستنەوەی کورت لەخۆدەگرێت. سەرەڕای بچووکیی ئەم بڕە پارانە، بەڵام کۆی کەڵەکەبووی ساڵانەیان ڕەنگە هێندەی قیستی قەرزێک یان دەرفەتێکی لەدەستچووی پاشەکەوتکردن بێت.
حاتوم ئاماژەی بەوە کرد کە "دیارترین شێوەکانی خەرجیی شاراوە بریتین لە:
بەشدارییە لەبیرکراوەکان: ئەو خزمەتگوزارییانەی کە بەکارناهێنرێن بەڵام مانگانە پارەکەیان لێ دەبڕدرێت.
تێچووە بانکییەکان: تێچووی بچووک وەک پارەی ڕاکێشان و حەواڵەکردن کە ساڵانە کەڵەکە دەبن.
گەیاندنی خواردن (دیلیڤەری): خۆشگوزەرانییەکی ڕۆژانەیە کە ڕەنگە ساڵانە تێچووەکەی 1200 دۆلار تێپەڕێنێت.
کڕینی میزاجی (لەناکاو): بڕیاری کڕینی لەناکاو کە لە 5% بۆ 15%ی داهات دەبات.
خەرجیی کاشی ڕۆژانە: وەک قاوە و گەشتی کورت، کە ڕەنگە ساڵانە هەزار دۆلار تێپەڕێنێت."
ناوبراو ڕوونی کردەوە کە چارەسەر بۆ خۆلادان لەم خەرجییە شاراوانە بریتییە لە، پێداچوونەوە بە بەشدارییە بەردەوامەکان و هەڵوەشاندنەوەی ناپێویستەکان، گفتوگۆکردن لەگەڵ بانک بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکان، سنووردارکردنی بەکارهێنانی ئەپەکانی دیلیڤەری و دانانی بودجەیەکی مانگانە بۆی، دانانی بودجەی ڕۆژانە بۆ خەرجیی کاش و چاودێریکردنی خووەکانی بەکارهێنان و لە هەمووی گرنگتر "یەکەمجار پاشەکەوتکردن"، واتە بڕینی ڕێژەیەکی دیاریکراو لە مووچە پێش دەستکردن بە خەرجکردن.