ئەم هەفتەیە رێككەوتنی سێقۆڵی لە نێوان هەولێر و بەغدا و كۆمپانیاكان دەكرێت

:: AM:09:22:20/09/2025 ‌
بڕیارە سەرەتای ئەم هەفتەیە رێككەوتنی سێقۆڵی لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان، حكوومەتی عێراق و كۆمپانیا نەوتییەكان واژوو بكرێت و نەوتی هەرێم بۆ بازاڕەكانی دنیا هەناردە بكرێتەوە.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بە "وشە"ی رای گەیاند، پێنجشەم 18ی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان، كۆبوونەتەوە و رەزامەندییان لەسەر تێبینییەكانی بەغدا داوە، پاشان رەزامەندیی خۆیان لەسەر رێككەوتنەكە دەربڕیوە كە بەمشێوەیەیە:

رۆژانە بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان تەرخان دەكرێت.

حكوومەتی عێراق پابەند دەبێت بە پێدانی شایستە داراییەكانی كۆمپانیا نەوتییەكان، كە بە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك خەمڵێنراوە و لە یاسای بودجەشدا جێگیر كراوە، لەبری ئەو پارەیە نەوت دەدرێت بەكۆمپانیاكان.

 حكوومەتی عێراق لە رێگەی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەموو ئامادەكاری و رێكارێكی پێویستی تەواو كردووە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردن. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە دا، "ئەگەر هیچ گرفتێك نەیەتە پێش و سەرەتای ئەم هەفتەیە رێككەوتنی سێ قۆڵی واژوو كرا، ئەوا هەناردەكردنەوەی نەوتیش راستەوخۆ دەست پێ دەكاتەوە.

حكوومەتی عێراق و بەتایبەتی وەزارەتی نەوتی عێراق، رەشنووسی رێككەوتنێكی بۆ هەرێمی كوردستان ناردبوو. ئەم رەشنووسە ماوەی سێ مانگە گفتوگۆی لەسەر كرابوو، پێی دەگوترا رێككەوتنی سێقۆڵی، واتە رێككەوتنی حكوومەتی عێراق، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوت.

 لە رەشنووسەكەدا كە لەلایەن بەغداوە نێردرابوو، داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق هەمووی وەك خۆی جێگیر كرابوو. بەڵام كۆمپانیاكانی نەوت چەند وردە تێبینییەكیان هەبوو كە ئەویش ئێستە چارەسەر كراوە.

رێككەوتنەكە بەگوێرەی گرێبەستەكانی پێشوو كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی نەوت كراوە، ئامادە كراون، بەشێوەیەك 60% نەوتی بەرهەمهێنراو بۆ هەرێمی كوردستانە و 40% بۆ كۆمپانیاكان.

پاش رەوانەكردنی رەشنووسەكە بۆ هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەی حكوومەتدا بڕیار درا وەك نیازپاكی و بۆ ئەوەی كێشە بۆ مووچە دروست نەبێت و هات و نەهاتنی مووچەی مووچەخۆران ببڕێتەوە، حكوومەتی كوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە كە بەشی بەرهەمهێنراوی نەوتی خۆی رادەستی سۆمۆ بكات.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی هەفتەی پێشوویدا دووپاتی كردەوە، تا كاتی واژووكردنی ڕێككەوتننامەی سێقۆڵی، ئامادەن نەوت ڕادەستی بەغدا بكەن. بۆ ئەم مەبەستەش، وەزیری سامانە سروشتییەكان و شاندی دانوستانكار ڕاسپێردراون ڕێكاری پێویست بگرنەبەر، لە بەرانبەردا پێویستە حكوومەتی فیدراڵ پابەندیی خۆی لە ناردنی مووچە دەستبەجێ جێبەجێ بكات.

لەلایەكی ترەوە پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، بەرەوپێشچوونی باش هەیە لەگەڵ كۆمپانیاكان و ئێستە كۆمپانیاكان نەرمییان نواندووە و سازشیان لەسەر یەكێك لە مەرجەكانیان كردووە. پێشتر كۆمپانیاكان داوای گرەنتیی نێودەوڵەتییان دەكرد بۆ پێدانی ماف و شایستەكانیان، بەڵام ئێستە ڕازی بوونە لەلایەن دادگاكانی عێراقەوە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.

هەورامانی ئاماژەی بەوەش دا كە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئێستە ڕۆژانە گەیشتووەتە 233 هەزار بەرمیل.



وشە - سۆران عەزیز