شارەزایەك: رێككەوتنی نەوتیی هەولێر و بەغدا یەكەم هەنگاوە بەرەو ئابوورییەكی تۆكمە

:: PM:08:53:30/09/2025 ‌

هەفتەی رابردوو هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان گەیشتنە رێككەوتنێكی گرنگ و مێژوویی سەبارەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان و دەست پێكردنەوەی هەناردەكردنی لە رێگەی توركیا، لە دوای وەستانی بۆ زیاتر لە دوو ساڵ، شارەزایان ئەو رێككەوتنە بە هەنگاوێكی گرنگ بەرەو ئابوورییەكی تەواو و بەهێز و سەقامگیریی عێراق و هەرێم دادەنێن.

رۆبن میڵز شارەزای نێودەوڵەتی بواری وزە دەڵێت، رێككەوتنەكە هەنگاوی یەكەمە بەرەو ئابوورییەكی تەواو و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان، لەوكاتەی وەك هەنگاوی دووەم توركیا هەوڵی نوێكردنەوەی رێككەوتنی بۆری هەناردنی نەوتی عێراق دەدات لە رێگەی بەندەری جەیهان و دووهێندكردنی قەبارەی هەناردن لە 1.5 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەوە بۆ 2.2 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.  

روونی كردەوە، ئێستە لە دوای چەند هەوڵێكی شكستخواردوو بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، وا دووبارە لەگەڵ دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوت، رۆژەكە بەسەر چیاكانی هەرێم هەڵات و ئەو رووداوەش یەكەم هەنگاوە بۆ كوردستان و عێراق، سوودانی دەیویست تەنگژەكە چارەسەر بكات، بەڵام رووبەڕووی گوشاری چەند لایەنێكی دژ بە كورد لە بەغدا بووەوە، ئەمەریكاش دەسەڵاتی خۆی بۆ یارمەتیدانی كۆمپانیا نەوتییەكانی لە هەرێم كار دەكەن بەكار هێنا و هەناردنی نەوتەكە دەستی پێ كراوە. 

میڵز ئاماژەی كرد، راستە لەسەر ئاستی نزیك هەناردنی ئەو بڕە نەوتەی رێككەوتنی لەسەر كراوە كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر بازاڕ نییە، بەڵام دوای بڕیارەكەی گرووپی ئۆپێك پڵەس بە زیادكردنی پشكی بەرهەمهێنانی ئەندامانی لەوانەش عێراق، بەغدا بواری هەناردنی زیاتری نەوتی هەرێمی هەیە، كە یەكێك بوو لە هۆكارە رانەگەندراوەكانی دەست پێ نەكردنەوەی هەناردنی نەوتەكە تا ئێستە، دووپاتی كردەوە كە بۆریی نەوتی توركیا دەستكەوتێكی ستراتیجییە بۆ بەغدا و هەولێر و دەتوانرێت باشتر و زیاتر سوودی لێ ببینرێت و تواناكەی بگەینرێتە توانای خۆی كە 1.2 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەیە و توركیاش خواستی هەیە تواناكەی بگاتە 2.2 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل