بۆ مووچەی مانگەكانی هەشت و نۆ و ئەوانی تریش، هەرێم بڕیاری داوە گفتوگۆیەكی رژد بكات و لێنەگەڕێت ئەمساڵ هیچ مووچەیەكی مووچەخۆرانی كوردستان بفەوتێت.
سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە "وشە" راگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵدایە دوای دابەشكردنی مووچەی مانگی حەوت، راستەوخۆ مووچەی مانگی هەشت بدرێـت.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی حەوت تەواو دەبێت و راستەوخۆ داوای مووچەی مانگی هەشت دەكرێت.
باسی لەوەش كرد، وەزیرە كوردەكان لە بەغدا وەك نوێنەری كورد و حكوومەتی هەرێم لە خەتن، تا ئەمساڵ هیچ مووچەیەك نەفەوتێت.
ئاماژەی بەوەش دا، چاوەڕێین لە ماوەی دوو هەفتەی تردا، مووچەی مانگی هەشت دابەش بكرێت، دواتریش مووچەكانی تر هەمووی تا سەری ساڵ بدرێت.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوای گفتوگۆیەكی چڕ، رەزامەندیی پێشان دا بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەمەش بەشێكی زۆر لە كێشەكانی مووچەی چارەسەر كرد.
هاوكات دوێنێ لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، حكوومەتی هەرێم داوای كرد شاندی دانوستانكاری هەردوو حكوومەت، لە ژێر سەرپەرشتیی لیژنەی وەزاریی پێكهاتوو بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، بەردەوامی بە كۆبوونەوەكانیان بدەن بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی هاوبەش تا لە نزیكترین دەرفەتدا، هاوشێوەی دۆسیەی نەوت، دۆسیەی داهاتی نانەوتیش یەكلا بكرێتەوە، ئیتر هیچ پاساو و بەربەستێك نەكرێتە بیانوو بۆ كێشەی مووچە.
ئەوە لە كاتێكدایە ئێستە بەغدا ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 دەكات، فەرمانبەرانی هەرێمیش مووچەی مانگی حەوت وەردەگرن.