ئەمڕۆ سەرجەم ئەو موڵكانەی چاڤی لاند كە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێـمی كوردستانەوە خرابوونە زیادكردنێكی ئاشكراوە، لەلایەن وەبەرهێنەرێك بە بەهای 91 ملیار دینار هاتنە كڕین.
سەرمایەدارێكی گەنجی خەڵكی سلێمانی، موڵكەكانی كڕیوە و ئێستە خەریكی رێكارەكانە، بەڵام تا ئێستە ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت كە وەزارەتی دارایی لە ماوەی ڕابردوودا ڕای گەیاندبوو، شاسوار عەبدولواحید خاوەنی كۆمپانیای چاڤی و سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، بڕێكی زۆر قەرزاری حكوومەتە.
ئامانج لە فرۆشتنی ئەم موڵكانە، وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەیە كە لەسەر كۆمپانیاكە كەڵەكە بوون و بە نزیكەی 91 ملیار دینار مەزەندە دەكران.
بەشێك لەم قەرزە لە بنەڕەتدا وەك پێشینەی وەبەرهێنان لە حكوومەت وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی نەدانی قەرزی خزمەتگوزارییەكانی وەك كارەبا، ئاو و باج، بڕەكەی زیاد بووە.
رۆژی یەكشەممە، 28-09-2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، رۆژی 5ـی 10ـی 2025ـی موڵكەكانی كۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری دەخرێنە زیادكردنی ئاشكراوە و دەفرۆشرێن.
وەزارەتی دارایی ئەو كات رایگەیاندبوو، "ژمارەی موڵكەكانی كۆمپانیاكە 60 موڵكن، بەمەبەستی گەڕانەوەی قەرزی بانكەكانی سەر بە وەزارەتمان كە بڕەكەی 91 ملیار و 760 ملیۆن و 660 هەزار و 350 دینارە؛ هاوكات سەرجەم موڵكەكان پێكەوە بە یەك پاكێج دەفرۆشرێن".