ئەمڕۆ سێشەم حەوتی ئۆكتۆبەری 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، لە ڕۆژی چوارشەممەوە دەست بە دابەشكردنی شایستەی شەش مانگی مۆڵەتی كۆكراوەی خانەنشینان دەكرێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتەكە، بڕیارەكە سەرجەم ئەو خانەنشینانە دەگرێتەوە كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە فەرمانی خانەنشینبوونیان بۆ دەرچووە و تا ئێستا ئەو شایستەیەیان وەرنەگرتووە. پڕۆسەكەش بەشێوازی قۆناغ بە قۆناغ دەبێت.
وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەنراوەكەیدا ئاشكرای كردووە، چەندین جار بە نووسراوی فەرمی داوا لە وەزارەتی داراییی حكوومەتی فیدراڵ كراوە كە شایستەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان، هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عێراق، خەرج بكات، بەڵام تا ئێستا ڕەزامەندیی لەسەر نەداوە.
هەر بۆیە، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و لەسەر فەرمانی وەزیری دارایی و ئابووری، بڕیار درا سەرجەم ئەو شایستە داراییانە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان خەرج بكرێت.