وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان 120 ملیار دینارەكەی داهاتی ناوخۆی بۆ بەغدا ئامادە كردووە و چاوەڕوانیش دەكرێت هەفتەی داهاتوو بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران بدرێت.
ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەربارەی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران ڕای گەیاند، ئەوەی بە ئێمە گەیشتووە وابڕیارە لە هەفتەی داهاتوو بەگوێرەی ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كراوە بڕیاری لەسەر بدرێت.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان 120 ملیار دینارەكەی داهاتی ناوخۆی ئامادە كردووە و بڕیارە بۆ بەغدای بنێرێت.
سەرچاوەیەك لەوەزارەتەكە بە"وشە"ی گوت، هەفتەی داهاتوو 120 ملیارەكە بۆ بەغدا دێتە ناردن.
لای خۆشیەوە كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت ڕایاگەیاند، ڕێژەی 65% ئەو مووچەی حكوومەتی عێراق دەیداتە هەرێمی كوردستان، لە داهاتی نەوتی هەرێم پێكهاتووە.
ئەوەشی خستەڕوو كە بەشێك لە داهاتی فرۆشتنی نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە بۆ حكوومەتی عێراق دەچێت، كە پێشتر بۆ ئێمە بوو، هاوكات داهاتی بەشی كۆمپانیاكانی دیكە دەچێتە هەژمارێكی تایبەت و لە كۆتایی مانگ بە ڕەزامەندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆمپانیاكانی بوارەی نەوت پشكی خۆیان دەبەن.
هەفتەی داهاتوو بەغدا دەست دەكات بەدابەشكردنی مووچەی مانگی 10 بەڵام هێشتا مووچەخۆرانی هەرێم مووەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە.
حكوومەتی هەرێم هەموو ئاسانكارییەكی كردووە، هەموو هەوڵێكی خستووەتەكار بۆئەوەی ئەمساڵ هیچ مووچەیەكی فەرمانبەرانی نەفەوتێت، بەڵام بەغدا هێشتا بیانوی هەیە.