وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ڕای گەیاند، هاوردەكردنی هەموو جۆرە پەلەوەر و باڵندەیەكی لە ئێرانەوە قەدەغە كرد، ئەمەش دوای تۆماركردنی حاڵەتی تووشبوون بە ئەنفلۆنزای باڵندە لەو وڵاتە.
وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا كە دەست "وشە" كەوتووە، ئاماژەی بەوە كردووە كە لە ڕێگەی فەرمانگەی ڤێتێرنەرییەوە، ڕێكارە خۆپارێزییەكانی بۆ چاودێریكردنی نەخۆشیی ئەنفلۆنزای باڵندە چڕ كردووەتەوە.
بەیاننامەكە ڕوونی كردووەتەوە، ڕێكارەكان قەدەغەكردنی هاوردەكردنی هەموو جۆرە پەلەوەر و باڵندەیەكی (زیندوو و بەستوو) و هێلكە و باڵندەی جوانی و ڕاوكەر و هەر بەرهەمێكی تری پەلەوەری لە ئێرانەوە دەگرێتەوە.
بەپێی بەیاننامەكە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەری، سامر حەبیب حەمزە خەفاجی، ڕێنوێنیی داوەتە نەخۆشخانە ڤێتێرنەرییەكان لە هەموو پارێزگاكان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی چاودێری لە كێڵگەكانی پەلەوەر و ماڵان و بازاڕەكانی باڵندە و داوای كردووە هەر حاڵەتێكی گوماناوی یان لەناوچوون هەبوو، دەستبەجێ ڕابگەیەنرێت.
خەفاجی دووپاتیشی لەوە كردووەتەوە كە پێویستە هێزە تەناهییەكان لە بازگەكاندا جووڵەی پەلەوەر سنووردار بكەن، مەگەر مۆڵەتی تەندروستیی ڤێتێرنەرییان پێ بێت كە سەلامەتییان پشتڕاست بكاتەوە.