لێشاوی سزاكانی ئەمەریكا ڕوو لە هەرێمە و بەمزووانە چەندان بازرگانی كورد سزا دەدرێن

:: AM:09:22:16/10/2025 ‌
چالاكێكی نێودەوڵەتی كورد رای گەیاند، ئەمەریكا بەردەوامە لە سزادانی هەموو ئەوانەی لەگەڵ میلیشیاكانی سەربە ئێران كار دەكەن، بەمزووانە چەندان بازرگان و سیاسیی كوردیش دەگرێتەوە.

هێرش عەبدولڕەحمان كە نووسەرێكی كوردە و لە رۆژنامە بەناوبانگەكانی دنیا گوتار دەنووسێت، لە نوێترین گوتاریدا بەناوی "لێشاوی سزاكانی ئەمەریكا هەرێمیش دەگرێتەوە" تێیدا دەڵێت: ئەو بازرگانانەی كورد لە ژێر لێكۆڵینەوە و چاودێریی وردی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكادان.

هێرش نووسیویەتی: ماوەیەكی زۆرە هەموو ئەو كۆمپانیا و كەسایەتی و گرووپ و لایەنانەی هەرێم بزنس لەگەڵ ئێراندا دەكەن یان نزیكن لە میلیشاكان، لە ژێر لێكۆڵینەوە و چاودێریی وردی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكادان.

باسی لەوەش كردووە، وەلائی ئەم كۆمپانیا و كەسایەتی و لایە‌نانەی ناو هەرێم بۆ تاران، وایكردووە چیتر ئەم دەزگایەی ئەمەریكا هۆشداریی نەدات، بەڵكو لە قۆناغی لێكۆڵینەوەی زۆر چڕدایە تا دۆسیەكان یەكلا دەكاتەوە. 

"رێوشوێنی ئامادەكردنی سزاكان بە جۆرێكە كە وەزارەتەكە لە رێگەی فەرمانگەیەكەوە، بەناوی كۆنترۆڵكردنی سەروەت و سامانی بیانی، هەڵدەستێت بە ئامادەكردنی ئەو سزایانە كە ناسراوە بە لیستی (SDN). كاتێك ئاشكرا دەبێت كە لایەنێك، جا ئیتر تاكەكەسێك یان كۆمپانیا و گرووپ بێت، پشتیوانی لە كردە تیرۆریستییەكان دەكات، یان دەستی هەیە لە سپیكردنەوەی پارە و تێوەگلان لە گەندەڵی، یاخۆ پێوەندیی هەبێت لەگەڵ ئەو لایەنانەی لەلایەن واشنتنەوە سزا دراون، بۆ نموونە وەك سوپای پاسدارانی ئێران یان میلیشاكانی سەربە ئێران، ئەوا ناوەكانیان بڵاو دەكرێنەوە و دەخرێنە لیستی سزاكانی ئەو وڵاتەوە". هێرش عەبدولڕەحمان وا دەڵێت. 

ئاماژەی بەوەش كردووە، كۆی پارە و سامان و داهاتی ئەو كۆمپانیا و لایەنانە لە هەر كوێیەكی دنیادا بێت، بلۆك دەكرێت و لە سیستمی بانكی جیهانیش دادەبڕێت. ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە كە لە هەرێم و عێراقیش چەندان كۆمپانیا و لایەنی سیاسی هەن، ناسراون بە بازنەی موقاوەمە دژی ئەمەریكا و خۆرئاوا، بەشێوەیەكی نائاشكرا هاوبەشی و پێوەندییان هەیە لەگەڵ هاوتا ئێرانییەكانیاندا.

ئەو نووسەرە ئەوەشی گوتووە،  ئێستە بەرپرسانی ئەمەریكا زۆر لە نزیكەوە چاودێریی ئەو هاوئاهەنگی و پێوەندییانە دەكەن كە لە نێوان ئەو كۆمپانیا و لایەنە كوردییانە و ئێراندا هەیە. 

وەك پێشبینی دەكرێت لە ماوەیەكی نزیكدا، ناوی چەندان كورد بڵاو بكرێتەوە كە دەخرێنە لیستی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكاوە. هێرش دەڵێت: ئەمەی تا ئێستە باس كرا، تەنیا دەنگۆ یان هەواڵی ناو میدیاكان نییە، بەڵكو هۆشدارییەكی رژدە. 

لەم سۆنگەیەوە دەبێت كۆمپانیا و لایەنە كوردییەكانی هەرێم زۆر بە رژدی بیر بكەنەوە، پێش ئەوەی بچنە ناو هەر جۆرە مامەڵەیەك لەگەڵ ئێرانییەكاندا، چونكە هەنگاوی داهاتووی واشنتن كە زۆر نزیكە كۆتایی بەهەموو شتێكیان دەهێنێت.



وشە - سۆران عەزیز